ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد

‌ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

وێستگه‌ نیوز ـ هەستیار
هەرچەندە بەپێی یاسا ماوەی كاركردنی كۆتایی پێهاتووە، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئه‌مڕۆ چەند بڕیارێكی دەركرد.


مەهدی مەحمود، سكرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی له‌ لێدوانێكدا به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: لە كۆبوونەوەی ئاسایی ئەمڕۆدا چەند بڕیارێكیان دەركردووە، ئەوانیش دەنگدان بوو بە كاندیدی بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی گەرمیان، هەروەها فراوانكردنی گوندێك و پچڕاندنی گوندێكی دیكە.

وتیشی: "بڕگەیەكی دیكەی كۆبوونەوەكەش هەمواركردنەوەی بڕگەیەك بوو بەوەی داواكرابوو كۆبوونەوەكانی ئەنجومەن هەموو سێشەممەیەك بكرێت، بەڵام لەڕاستیدا كۆبوونەوەكان ناكرێت هەموو سێشەممەیەك بكرێن، بەڵكو بڕیار دراوە كۆبوونەوە ئاساییەكان لە رۆژانی سێشەممە بكرێن".

ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە كاتێكدایە ماوەی سێ مانگە ماوەی یاسایی ئەنجومەنەكان كۆتایی هاتووە.

سەبارەت بەوەی ئەوان ماوەیان تەواو بووە، ئایا بڕیارەكانیان یاسایین، مەهدی مەحمود وتی: "ئێمە سێ تا چوار مانگە داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی كوردستان كردووە چارەنووسی ئەنجومەنەكان دیاری بكەن، بەڵام كە ئەوان قسە ناكەن".

وتیشی: "ئەگەر ئیشی ئێمە نایاسایی بێت، كەواتە نایاساییەكە لەوێوە دەستپێدەكات كە وەڵاممان نادەنەوە، ئیشەكانی ئێمەش لەبەرژەوەندی هاوڵاتیانە و باوەڕ ناكەم نایاسایی بێت".



PM:06:27:18/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 2012 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو