وێستگە نیوز-
له دانیشتنی دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆی پەرلەمانی عیراق متمانە بە کاندیدانی وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پلاندانان و رۆشنبیری بەخشرا و کاندیدی وەزارەتەکانی پەروەردە و کۆچبەرانیش ره‌تكرانه‌وه و كاندیدی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری و داد-یش رێککەوتنی لەسەر نەکرا و نەخرانە دەنگدانەوە.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 18 كانونی یه‌كه‌می 2018، په‌رله‌مانی عیراق دانیشتنێكی نوێی سازكرد و تیایدا ده‌نگ له‌سه‌ر به‌شێكی دیكه له كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیرق درا و دانیشتنەکەش بۆ رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو دواخرا.
له دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا دەنگدان لەسەر ئەم وەزیرانە یەکلایی بووەوە و متمانەیان پێبەخشرا:
نوری دلێمی، وەزیری پلاندانان، قوسەی سوهەیل، وەزیری خوێندنی باڵا، عەلی عەبدولئەمیر حەمدانی، وەزیری رۆشنبیری.
هەر لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا جگەلە رەتکردنەوەی کاندیدانی وەزارەتەکانی پەرەوەردە و کۆچ و کۆچبەران، كاندیدی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری و داد رێککەوتنی لەسەر نەکرا و نەخرانە دەنگدانەوە، هەربۆیە پەرلەمان چاوەڕوانی رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانە لەبارەی ئەو پێنج وەزیرەی کە هێشتا دەنگیان لەسەر نەدراوە.
کۆبونەوەی په‌رله‌مانی عیراق کە پێشتر راگەیەنرابوو کاتژمێر 12ی ئەمڕۆ دەستپێده‌کات و بەهۆی ناکۆکی لایەنە سیاسیەکانەوە دواکەوت و کاتژمێر 3:45 خولەک دەستیپێکرد، گرنگترین تەوەری دانیشتنەکە کە کۆتا بڕگەی کارنامەی دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ بوو بریتی بوو لە دەنگدان بۆ متمانەدان بە کاندیدانی ئەو هەشت وەزارەتەی کە بێ وەزیرن.
هاوكات پەسەندکردنی هەموواری پەیڕەوی ناوخۆ و لێپێچینەوەی لەو تانانەی کە لەبارەی ئەندامێتی هەندێک پەرلەمانتارەوە ئاراستەی کراوە دوو تەوەری تری کۆبونەوەكه بوون.
PM:04:13:18/12/2018
ئه‌م بابه‌ته 2468
جار خوێنراوه‌ته‌وه