کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد


وێستگە نیوز-

کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد و گرنگترین بڕگەی کارنامەکە متمانەدانە بە کاندیدانی پۆستە وەزارییەکانی ئەو هەشت وەزارەتەی کە بێ وەزیر ماونەتەوە.

کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە پێشتر راگەیەنرابوو کاتژمێر ١٢ی ئەمڕۆ دەستپێدەکات و بەهۆی ناکۆکی لایەنە سیاسیەکانەوە دواکەوت، کاتژمێر ٣ و ٤٥ خولەک دەستیپێکرد.

بەگوێرەی کارنامەی ڕاگەیەنراوی دانیشتنی ئەمڕۆ سێشەممەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سێ تەوەر لە کارە سەرەکیەکانی دانیشتنەکەدان.

گرنگترین تەوەری دانیشتنەکە کە کۆتا بڕگەی کارنامەکەیە بریتییە لە دەنگدان بۆ متمانەدان بە کاندیدانی ئەو هەشت وەزارەتەی کە بێ وەزیرن.

پەسەندکردنی هەموواری پەیڕەوی ناوخۆ و لێپێچینەوەی لەو تانانەی کە لەبارەی ئەندامێتی هەندێک پەرلەمانتارەوە ئاراستەی کراوە دوو تەوەری تری کۆبونەوەکەن.

تا ئێستا هەشت وەزیری کابینەکەی عەبدولمەهدی بێ وەزیر ماونەتەوە و ناکۆکی لایەنە سیاسیەکان ڕێگرە لەوەی بابەتەکە یەکلایی بکرێتەوە.

بەوپێیەی بڕگەی متمانەدان بە کانیدیدی پۆستە وەزاریەکان کۆتا بڕگەی کارنامەکەیە چاوەروان دەکرێت هاوشیوەی دانیشتنەکانی پێشوو، ئەو بڕگەیە دوابخرێت تا ئەو کاتەی ڕێککەوتنی لەبارەوە دەکرێت.



PM:03:46:18/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 1448 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت