ئه‌مڕۆ رۆژی ئاڵای كوردستانه‌ ​

‌ئەمڕۆ رۆژی جیهانی ئاڵایە

وێستگه‌ نیوز ـ
ناوەندی کوردستان بۆ دۆکیۆمێنت و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی لە زانکۆی سلێمانی لە بابەتێکی‌ بڵاوکراوەیدا ئاماژەی‌ بە جۆر و شێوازی گەشەسەندن ئاڵاکانی شۆڕشە کوردییەکان لە مێژووی‌ هاوچەرخدا.


ناوەندی کوردستان بۆ دۆکیۆمێنت ئەوەی خستووەتەڕوو، لە مێژووی هاوچەرخی کورددا چەند ئاڵایەک وەک نیشانە و ئاڵای جوڵانەوەی سیاسی کوردستان نمایشکراوە، لانیکەم دیارترینیان ئاڵاکەی شێخ مەحمود، ئاڵاکەی شۆڕشی ئارارات و خۆییبوون، ئاڵای کۆماری مەهاباد و ئاڵای هەرێمی کوردستانه‌.

ئاڵای ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان کە لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەنگی لەسەردراوە، نزیکترین و بگرە تەنها لە تیشکی خۆرەکەدا نەبێت، هەمان ئاڵای کۆمەڵەی خۆییبوون و شۆڕشی ئاراراتە (١٩٢٧-١٩٣١). کۆمەڵەی خۆییبوون لە ئەنجامی یه‌كگرتنی چوار رێکخراوی سیاسی کوردستانی پێکهات کە بریتیبوون لە: کۆمەڵەی تەعالی کوردستان، تەشکیلاتی کوردستان، میللیەتی کورد و کۆمیتەی ئیستیقلال، کە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەیاندا و رێکخراوێکتریان بە ناوی کۆمەڵەی خۆیبوون سازدا، پاشان لە هەناوی ئەم کۆمەڵەیەشدا شۆڕشی ئارارات [دژی حکومەتی تورکیا و ئەتاتورک] هەڵگیرسا.  

هەندێ لەو باوەڕەدان لەناو ئەم گروپانەی خۆیبوون _ یشدا ئاڵاکە تایبەت بووە بە باڵی کۆمەڵەی تەعالی کوردستان و لە ساڵی ١٩٢٠ دا کێشراوە و پاشتر بووەتە ئاڵای خۆییبوون.

حکومەتی دووەمی شێخ مەحمود [مەلیکی کوردستان] ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٢٢ ئاڵای کوردستانی لە شاری سلێمانی هەڵکرد و "حکومەتی خوارووی کوردستان"ی راگەیاند. ئەو ئاڵایەی کە لەلایەن حکومەتی خوارووی کوردستان بە رێبەرایەتی شێخ مەحموود هەڵكرا پێکهاتبوو لە زەمینەیەکی سەوز و مانگێکی سپی لەسەر رەنگی سوور لە ئاڵاکەدا دەبینرا.

کۆماری کوردستانیش لە مەهاباد ئاڵایەکی تایبەت بە خۆی هەبوو کە لە رۆژی  (١٧/کانونی یەکەم/١٩٤٦ز) لە شارەوانی شاری مەهابادی پێتەختی کۆماری کوردستاندا له‌ جێگه‌ی ئاڵای ئێران هەڵکرا   ئاڵاکەی کۆماریش سێرەنگە و قەڵەمێک و خۆرێک و گولەگەنمێک بە دەوریدا لە ناوەڕاستی ئاڵاکەدا دەبینرێن.

هەژار موکریانی شاعیر (١٩٢١-١٩٩١) لەبارەی ئاڵاکەی کۆماری کوردستان (مەهاباد) ئەم شیعرەی نوسیوە:

پارچەکەی سێ رەنگی خۆی دەنوێنێ، رەنگی سوور دەڵێ
تا تنۆکێ خوێنی کورد مابێ قەدی من نانەوێ
یان دەڵێ لێم سوورە دێموکراسی لە عالەم سەرکەوێ
موستەبید و مورتەجیع کەوتوونە گێژی گێژەوێ
سپیەکەی موژدەی بەیانی بەختی کوردی کرد بەیان
رۆژی بەختی کوردە پەیدا بوو نەما پەردەی شەوێ
دوو گوڵی گەنمی دەڵێ ئاگات لە رزقی خۆت ببێ
خۆت کە برسی بۆچی دوژمن پێی بژی لێرە و لەوێ
پێت دەڵێ نووکی قەڵەم گەر ژینی خۆشت پێدەوێ
غەیری من دەس ناکەوێ بۆ رێی تەرەقی پێشرەوێ
رەنگی سەوزی یانی دایکی نیشتمان لەورۆکەوە
جوان و سەر سەوزە وەگیری کەوتووە عومری نەوێ

بەڵام ئاڵاکەی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان، هەرسێ رەنگی سوور لەسەرەوە و رەنگی سەوز لە خوارەوە و رەنگی سپی لە ناوەڕاستدا لە خۆگرتووە و لەسەر زەمینە سپیەکەش خۆرێکی زەرد دەدرەوشێتەوە کە نزیکە لەو ئاڵایەی لە یەکەم کۆبوونەوەی دامەزراندنی رێکخراوی (خۆیبوون) لە ساڵی ١٩٢٧ وەک ئاڵای کوردستان بڕیاری لەسەردراوە.

لە دوای پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان(١٩٩٢)، ئاڵاکە لە لایەن ھەندێک لە رێکخراو و دەزگاکانەوە هەڵدەکرا و بەکاردەهێنرا، بەڵام لە ١١\١١\١٩٩٩ یاسای ژمارە ١٤ و بڕیاری ژمارە ٢٨، بەدواوە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بەرەسمی وەک ئاڵای کوردستان بڕیاری لەسەر درا، کە تیشکی خۆرەکەی ٢١ تیشکە و لە چوار رەنگی سوور، سپی، زەرد، سەوز پێکھاتووە، پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی ١٩-٦-٢٠٠٤ بە بڕیاری ژمارە (٤٨) رۆژی ١٧ی کانونی یەکەمی هەموو ساڵێکی کردە رۆژی ئاڵای کوردستان لەسەرجەم شارو شارۆچكەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان.

هۆکاری دیاریکردنی ئەم رۆژەش ئەوەیە کە ھاوکاتە لەگەڵ رۆژی داگرتنی ئاڵای کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە ساڵی ١٩٤٦ز، لەلایەن ڕژێمی ئەوکاتەی ئێرانەوە.

هــ. ر


AM:09:41:17/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 5016 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو