فراکسیۆنی کۆمەڵ: پێویستە مووچەی سێ مانگ بەسەر یەکەوە بدرێت


وێسگتە نیوز-

فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی ڕایگەیاند ناکرێت حکومەت هەموو ساڵیک مووچەی سێ مانگی فەرمانبەران دابین نەکات و بە پێویستیشی دەزانێت مووچەی هەرسێ مانگەکە بەیەکەوە بدرێتە فەرمانبەران.

لە راگەیەنراوێکدا فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرەدووە "بەئەرکی کابینەی ھەشتەمی دەزانین موچەی مانگەکانی ١٠ و ١١و ١٢ی ئەمساڵ پێکەوە بدات بەموچەخۆران".

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ گێڕانەوەی ئەو موچە خوراوانەی ساڵانی پێشوو پێویستە موچەی ئەم ٣ مانگەش پێکەوە بدرێ بە فەرمانبەران و بۆ ساڵی و ئایندەو کابینەی نوێ یاسای بودجە بھێنرێتە پەرلەمان و لەوێ گرفتە داراییەکان چارەسەر بکرێ".

دەقی راگەیەنراوەکە

بەناوی خوای بەخشندەی میھرەبان

پاش ئەوەی حکومەتی عێراق بڕیاریدا مانگانە ٣١٧ ملیار دینار بۆ موچە ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان بکات، حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوکات بەڵێنی بە موچەخۆران دا ھەموو ٣٠ ڕۆژ جارێک موچە لەوادەی خۆیدا دابەش بکات و بەو بڕە پارەی بەغداش دەسکاری بەشێکی پاشەکەوتی کرد، سەرەڕای ئەوەی مانەوەی پاشەکەوت ستەمێکی نایاساییە لەموچەخۆران، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم حکومەتە نەریتی پێنەدانی ٣ موچەی ھەر ساڵێکی وەک ستەمێکی دیکە پەیڕەو کردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ھەر بەپێی بڕیاری حکومەتی ھەرێم لەگەڵ زیادبوونی داھات دەبوو پێداچونەو بەپاشەکەوت دا بکەن، داھاتی حکومەت ڕۆژ بۆ ڕۆژ زیادی کردووە بەبەرزبونەوەی نرخی نەوت و داھاتە ناوخۆییەکان سەرەڕای ئەوەی بەنایاسایی پێ بژاردن و باج و ڕسومات زیادکراوە.

ئێمە لە فراکسیۆنی کۆمەڵ لەپەرلەمانی کوردستان بەئەرکی کابینەی ھەشتەمی دەزانین موچەی مانگەکانی ١٠ و ١١و ١٢ی ئەمساڵ پێکەوە بدات بەموچەخۆران، ئەگەر نا پێدانی موچەی مانگی ١٠ لە مانگی ١ی ساڵی ٢٠١٩ و موچەی مانگی ١١ لە مانگی ٢ و موچەی مانگی ١٢ لەمانگی ٣ ھیچ مانایەکی نیە جگە لەوەی ھەموو ساڵێک دەیانەوێ ٣ موچە دوا بخەن و مافی موچەخۆران دابین نەکەن.

لەسەر ئەمە ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ گێڕانەوەی ئەو موچە خوراوانەی ساڵانی پێشوو پێویستە موچەی ئەم ٣ مانگەش پێکەوە بدرێ بە فەرمانبەران و بۆ ساڵی و ئایندەو کابینەی نوێ یاسای بودجە بھێنرێتە پەرلەمان و لەوێ گرفتە داراییەکان چارەسەر بکرێ.

فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان

١٦ ی ١٢ ی ٢٠١٨


PM:02:22:16/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 3000 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو