قوباد تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە

‌قوباد تاڵەبانی

وێستگە نیوز-

قوباد تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا مانگرتنەکەی ساڵی ١٩٩١ی باشووری کوردستان بە وەرچەرخان ناودەبات و جەختیش لە یەکدەنگی و یەکڕیزی گەلی کورد دەکاتەوە.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا کە بەبۆنەی ساڵیادی مانگرتنی ساڵی ١٩٩١ی باشووری کوردستان بڵاویکردووەتەوە رایگەیاند "بەو هەڵوێستە تەواو مەدەنییەی کە بە مانگرتنی دەستەیەک لاوی تێکۆشەری سلێمانی ئەنجامیاندا، لە دوای ڕاپەڕینە مێژوییەکەی بەهاری نەوەدو یەک، کە تیایدا کوردستانیانی ئەم هەرێمە بەیەک دەنگ و بەیەک هەڵوێست بە بیروڕای سیاسی وئایدلۆژیای جیاوازیانەوە، بەگژ ستەمکاری بەعسدا چوونەوە".

لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە "خەباتی مەدەنی و دیموکراسیی و ئازادیخوازانەی ڕاستەقینە، ئەو کاتەی خواست و داواو ئامانجی ڕەوا خاوەندارێتی لێدەکات ، بێگومان بەرهەمدارە و دوورە لەهەر بەلاڕێدابردن و سوودلێوەرگرتنێکی بەرتەسک و حزبیی بۆ تۆخکردنەوەی ململانێ نێوخۆییەکان، هەروەک لە خۆپیشاندانەکانی ساڵانی ڕابردودا کە ناحەزان و هەندێک لایەن تێیدا هەوڵی زەوتکردنی دەنگی ناڕازیی و بەلا ڕێدابردنیان دا بۆ ئەوەی لە سیما ڕەواو جەماوەرییەکەی دابماڵن و ناشرینی بکەن".

دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی

پەیامێک بۆ ساڵیادی مانگرتنە مەزنەکە

ئەمڕۆ، بیست و حەوت ساڵ بەسەر یادی مانگرتنە مەزنەکەی باشووری کوردستان تێپەڕدەبێت، کە وەرچەرخانێکی مێژووی بوو. بەو هەڵوێستە تەواو مەدەنییەی کە بە مانگرتنی دەستەیەک لاوی تێکۆشەری سلێمانی ئەنجامیاندا، لە دوای ڕاپەڕینە مێژوییەکەی بەهاری نەوەدو یەک، کە تیایدا کوردستانیانی ئەم هەرێمە بەیەک دەنگ و بەیەک هەڵوێست بە بیروڕای سیاسی وئایدلۆژیای جیاوازیانەوە، بەگژ ستەمکاری بەعسدا چوونەوە کە ساڵانێک بوو جگە لە سیاسەتی ئاگر و ئاسن و بە سوتماککردنی ئەم نیشتمانە هیچی تری پێنەبوو بۆ خەڵکی کوردستان.

لەبەرامبەر پلانەکانی برسی کردن و ئابڵۆقەی ئابوری، دەستەیەک لاوی نیشتمان پەروەرو خۆنەویست و بوێر، وەک دەستپێکی یەکەم خەباتی مەدەنی و دیموکراسی و ئازادیخوازانە لەپێناو داکۆکیکردن لە ئازادی و مافی ژیان و دانانی سنورێک بۆ قات و قڕییەکانی بەعس دژ بەگەلەکەمان، بڕیاری مانگرتنیان داو بەو هۆیەشەوە دەنگی ئازادیخوازانی نیشتمان پانتایی نێوەندە هەرێمایەتیەکان و جیهانی گرتەوە و بووە مایەی بەدەنگەوە هاتن و پشتیوانیکردن لە ڕاپەڕینی گەلەکەمان لەم هەرێمەدا.

کوردستانیانی خۆشەویست..

خەباتی مەدەنی و دیموکراسیی و ئازادیخوازانەی ڕاستەقینە، ئەو کاتەی خواست و داواو ئامانجی ڕەوا خاوەندارێتی لێدەکات ، بێگومان بەرهەمدارە و دوورە لەهەر بەلاڕێدابردن و سوودلێوەرگرتنێکی بەرتەسک و حزبیی بۆ تۆخکردنەوەی ململانێ نێوخۆییەکان، هەروەک لە خۆپیشاندانەکانی ساڵانی ڕابردودا کە ناحەزان و هەندێک لایەن تێیدا هەوڵی زەوتکردنی دەنگی ناڕازیی و بەلا ڕێدابردنیان دا بۆ ئەوەی لە سیما ڕەواو جەماوەرییەکەی دابماڵن و ناشرینی بکەن.

ئەمەش پێمان دەڵێت پاراستنی یەکدەنگیی و یەکڕیزی خەباتی نیشتمانیی و شارستانی لەدەرەوەی بیرو ڕاو بۆچوونە جیاوازەکان گرنگی و بایەخی خۆی هەیەو جگە لەوەی ئامانجی خۆی دەپێکێت، دەبێتە وێستگەیەکی گرنگی چەسپاندنی ژیانی شارستانی و دیموکراسی بۆ هەرێمەکەمان.

سڵاو لە مانگرتووە قارەمانەکان، پێشڕەوانی خەباتی مەدەنیانەی گەلەکەمان، ساڵیادی ئەو هەڵوێستە مێژووییە دیموکراسیەتان بەرزو پیرۆز دەکەم. هیوادارم بە هەوڵ و هیممەتی کوردستانیانی ئەم هەرێمە، ئایندەیەکی گەش لەژیانی سیاسیی و مەدەنی و دیموکراسیی بۆ هەرێمەکەمان دەستەبەر بکەین. ھەر شادو سەربەرزو سەرکەوتوو بن.

قوباد تاڵەبانی


PM:01:42:16/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 2540 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت