کەمال کەرکوکی: لەگەڵ ئەوە نین پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ یەکێتی بێت

‌کەمال کەرکوکی

وێستگە نیوز-

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایگەیاند لەگەڵ ئەوە نین پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ یەکێتی بێت، ئاماژەی بەوەشکرد تا ئێستا پارێزگاری شەرعیی کەرکوک نەجمەدین کەریمە.

کەمال کەرکوکی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئاژانسی ئەنادۆڵی ڕاگەیاندووە "پێویستە ئەنجوومەنی پارێزگا بگەڕێتەوە شوێنی خۆی و تا ئێستاش بە شێوەیەکی یاسایی، دکتۆر نەجمەددین کەریم پارێزگاری شەرعی کەرکووکە".

کەرکوکی ئاماژەی بەوەشکردووە "بۆچوونی ئێمە ئەوەیە کە لەم باردۆخەی ئێستا تا هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، کەسێکی بێلایەن پۆستی پارێزگاری کەرکووک بەڕێوەببات، کەرکووک بۆ هەموو پێکهاتە و لایەنەکانە و دەمانەوێت لەوێ یاسا سەروەربێت و هەموو لایەک بێ گرفت بژین".

ناوبراو ڕونیکردوەتەوە "ئێمە لەگەڵ ئەوەنین کە ئەم پۆستە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بێت، بەڵکو پێویستە یەکێکی شایستەی بۆ دابنرێت و پێموابێت هەموو لایەنەکان و پێکهاتەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە پارێزگارێکی بێلایەنی بەتوانا خزمەتی شارەکە بکات بەپێی دەستوور".

دوای ڕوداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەر نەجمەدین کەریم پاریزگاری کەرکوک شارەکەی بەجیهێشتووە و تا ئێستا روون نییە کێ لە شوێنەکەی دادەنرێت و یەکێتی ئە وپۆستە بە موڵکی خۆی دەزانێت و پارتیش ئەوە ڕەتدەکاتەوە.

ب.ع


AM:11:17:16/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 4044 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت