5 لایه‌نی سیاسی به‌یاننامه‌یه‌كیان بۆ رای‌ گشتی‌ بڵاوكرده‌وه‌


وێستگه‌ نیوز -
5 لایه‌نی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان له‌ مه‌خموور رایانگه‌یاند كه‌ به‌ پێویستی ده‌زانن حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌ڵوێستیان هه‌بێ و چیتر رێگه‌ نه‌درێت توركیا خه‌ڵكی سڤیلی ئه‌و كه‌مپانه‌ی ئاواره‌كانی باكوری كوردستان بكاته‌ ئامانج.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 15ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 2018، پێنج لایه‌نی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان له‌ مه‌خموور كه‌ بریتین له‌ (حزبی شیوعی كوردستان، یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان، یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌ی دیموكراتی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان) به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شیان بۆ رای گشتی بڵاوكرده‌وه‌ و ئیدانه‌ی بۆردومانی توركیایان بۆ سه‌ر كه‌مپی ئاواره‌كانی مه‌خموور و شه‌هیدكردنی هاوڵاتیانی سڤیلی كوردستان كرد.

 له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ ده‌ست وێستگه‌ نیوز كه‌وتووه‌، هاتووه‌ "ئێمه‌ وه‌كو حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی مه‌خموور، به‌هۆی هێرشی فڕۆكه‌كانی توركیا بۆسه‌ر خه‌ڵكی سڤیلی كه‌مپی شه‌هید (رۆسته‌م جودی) له‌ مه‌خموور كه‌ بووه‌ هۆی شه‌هیدبوونی چوار هاوڵاتی سڤیل هاوخه‌می خۆمان بۆ كه‌مپه‌كه‌ و ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان ده‌رده‌بڕین، له‌هه‌مان كاتدا به‌ پێویستی ده‌زانین حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌ڵوێستیان هه‌بێ و چیتر رێگه‌ نه‌درێت توركیا خه‌ڵكی سڤیلی ئه‌و كه‌مپانه‌ی ئاواره‌كانی باكوری كوردستان بكاته‌ ئامانج و هاوڵاتیانی سڤیلی كوردستان نه‌بنه‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ سیاسیه‌كان و ژیانیان پارێزراو بێت".

ئه‌و پێنج لایه‌نه‌ ده‌ڵێن: "هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ ده‌خوازین نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ پێشتر باره‌گایان له‌ناو كه‌مپه‌كه‌ هه‌بوو، ئێستا په‌یوه‌ندییان به‌ كه‌مپه‌كه‌ پچڕاندووه‌، ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ درووست بكرێته‌وه‌ تاوه‌كو خه‌ڵكی سڤیلی ئه‌م كه‌مپه‌ له‌ژێر چه‌تری (UN)دا پارێزراو بن و كاروباریان رایی بكرێت".

له‌ كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ "جارێكی تر هاوخه‌می خۆمان به‌و رووداوه‌ ده‌رده‌بڕین، هیوادارین لایه‌نی په‌یوه‌ندیدارو ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌كه‌ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و زلهێزه‌كان بێنه‌ سه‌رخه‌ت، بۆ دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌ی رووداوی له‌م جۆره‌ و چیتر هاوڵاتی سڤیل نه‌بنه‌ قوربانی".

شەوی پێنجشەممە 13ی كانوونی یه‌كه‌می 2018 فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا هێرشیانکردەسەر پێگەکانی پەکەکە لە شنگال و کەمپی پەنابەرانی باکوری کوردستان لە مەخمور، له‌ هێرشه‌كه‌دا چوار کەس شه‌هید بوون و پێنجی دیكه‌ش برینداربوون.

دوێنێ‌ هه‌ینی‌ 14ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 2018 وه‌زاره‌تی دره‌وه‌ی عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند‌ كه‌ فاتح یه‌ڵدز، باڵیۆزی توركیای له‌ عیراق بانگهێشت كردوه‌ و له‌پای دوباره‌بوونه‌وه‌ی پێشێلكارییه‌كان و به‌زاندنی سنوری ئاسمانیی عیراق نامه‌یه‌كی ناڕه‌زایی داوه‌تێ.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق رایگه‌یاندوه‌ كه‌ وه‌زاره‌ت ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ی توركیا و به‌زاندنی سنوری عیراق و به‌ئامانجگرتنی چه‌ندین ناوچه‌ی چیای شنگال و مه‌خمور ده‌كات كه‌ زیانی گیانی و ماڵیی به‌دواوه‌ بووه‌.


PM:10:56:15/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 2904 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت