قوباد تاڵه‌بانی: ره‌حمه‌ت له پێشینانمان كه ووتوویانه دار هه‌ڵبڕه سه‌گی دز دیاره
قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان .. فۆتۆ ئه‌ژی عومه‌ر
وێستگه نیوز – جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له وه‌ڵامی كاردانه‌وه‌ی سه‌ركرده‌یه‌كی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌رامبه‌ر به بۆچوونێكی، رایگه‌یاند كه "دار هه‌ڵبڕه سه‌گی دز دیاره".
رۆژی هه‌ینی له وه‌ڵامی پرسیاری فۆڵۆوەرێكی سه‌باره‌ت به دۆخی ئابوری له كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمدا كه "خه‌ڵك پێشبینی ده‌كات زۆر باشتر ببێت..پێشبینییه‌كی هه‌ڵه‌یه یان ئومێدێكی گونجاوه؟" قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر نووسی: "پێموایه كه ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بین له‌سه‌ر چاكسازییه‌كانمان، رێكه‌وتنمان له‌گه‌ڵ به‌غدا تێك نه‌چێت، نرخی نه‌وت زۆر دانه‌به‌زێت و كه‌تنێكی گه‌وره نه‌كه‌ین پێشبینی ده‌كه‌م دۆخی ئابووری كوردستان باشتر ببێت".
ئه‌م بۆچوونه‌وه‌ی قوباد تاڵه‌بانی، كاردانه‌وه‌ی سه‌ركرده و لایه‌نگرانی پارتی دیموكراتی كوردستانی لێكه‌وته‌وه و وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی بێت.
له‌وباره‌یه‌وه عه‌لی عه‌ونی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی له نووسینێكی كورتدا رایگه‌یاند كه "كه‌تنی هه‌ره گه‌وره‌ی به‌ناو كورد كردبێتی، خیانه‌تی شانزه‌ی ئۆكتوبه‌ر بوو، ئه‌م خیانه‌ته بووه هۆی ئه‌وه‌ی نیوه‌ی كوردستان راده‌ستی حه‌شد و عه‌ره‌بی داگیركه‌ر بكرێت".
ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی پارتی نووسیویه‌تی: "كاك قوباد راست ده‌كات، ئه‌گه‌ر براكه‌ی و دایكی و پوری و ئامۆزاكانی هیچ كه‌تنێكی دیكه‌ی گه‌وره نه‌كه‌ن، بارودۆخمان زۆر باش باش ده‌بێت".
هاوكات عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن، وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی له‌سلێمانی له راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی: "مادام قوباد تاڵه‌بانی باشكردنی ژیانی خه‌ڵك ده‌به‌ستێته‌وه به‌وه‌ی كه‌تن نه‌كرێت، كه‌سیش نازانیت ئه‌و كه‌تنه چییه، كه له‌دیدی به‌ڕێزیانه‌وه ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكی تێكداوه، باشتر وایه روونكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ رای گشتی بڵاوبكاته‌وه".
عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن ده‌ڵێت: "ده‌بێت له‌روونكردنه‌وه‌كه‌دا قوباد تاڵه‌بانی بڵێت ئه‌وكه‌تنه چییه ژیانی خه‌ڵكی خراپ كرد و كێ ئه‌نجامده‌ری ئه‌و كه‌تنه بوو، ئه‌گه‌ر ریفراندۆم به‌كه‌تن بزانێت، ئایا ده‌توانێت له‌بونیادی كوردستانیكی به‌هێزدا عاملی خێر بێت، كه ئه‌وه‌شی وه‌ك رای كه‌سی نووسیوه".
ئه‌و وته‌بێژه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی، كه گومان ده‌كات مه‌به‌ستی قوباد تاڵه‌بانی له‌كه‌تن، ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی ئه‌یلوولی 2017ی رابردوو بێت، نووسیویه‌تی: "ریفراندۆم باڵاترین و ترۆپكی خۆشه‌ویستی نیشتمان و لۆژیكی سه‌ربه‌خۆییه، ئاخر ریفراندۆمه، كه پرسی ئینفیسالی ده‌كات به پرۆژه‌یه‌كی میلـلـی و خواستی ئاشكرای خه‌ڵك بۆ سه‌ربه‌خۆیی، به‌تایبه‌تی لای عاشقانی نیشتمان، به‌هه‌رحاڵ ریفراندۆم په‌نجه‌مۆری زۆرینه‌ی ره‌های خه‌ڵكی كوردستانی پێوه‌یه، كه‌چی دیاره تائیستاش لای قوباد تاڵه‌بانی به‌كه‌تن ده‌زانرێت".
دواتر قوباد تاڵه‌بانی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر پۆستێكی تری كرد و نووسی: "رەحمەت لە پێشینانمان کە ووتوویانە: "دار هەڵبڕە سەگی دز دیارە"".
ئه‌م پۆسته‌ی قوباد تاڵه‌بانی له‌لایه‌ن لایه‌نگرانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌وه وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ عه‌لی عه‌ونی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان لێكدرایه‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی به‌فراوان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكرایه‌وه.
ئارێز عه‌بدوڵا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌وباره‌وه له‌لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌ڕمی حزبه‌كه‌ی وتی: "هه‌ندێك له به‌رپرسانی پارتی به‌رژه‌وه‌ندی و پاروی چه‌وریان له‌وه‌دایه كه نێوانی لایه‌نه‌كان گرژی زیاتری تێبكه‌وێت، ئه‌گه‌رنا ده‌بێت ئه‌وه‌یان له‌به‌رچاو بێت كه‌سێك یان لایه‌نێك ماڵی له شوشه بێت نابێت به‌رد بگرێته ماڵی خه‌ڵك".
وتیشی: "هه‌ندێك كه‌س ئه‌وه‌نده داشۆراون له‌بری ئه‌وه‌ی رابردوویان به‌بیرخۆیان بهێننه‌وه، هه‌وڵده‌ده‌ن برینه‌كان بكولێننه‌وه، كه بێگومان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی و پاروی چه‌ورییان ده‌یانه‌وێت سوود له‌گرژی و ئاڵۆزی لایه‌نه‌كان وه‌ربگرن".
هاوكات به‌ختیار شاوه‌یس ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌سه‌ر فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی له وه‌ڵامی قسه‌كانی عه‌لی عه‌ونی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی له لێدوانێكدا رایگه‌یاند: "ئه‌م پیاوه پیاوێكی بچوكه، زۆرجار كه ئه‌م قسانه ده‌كات ته‌نیا بۆئه‌وه‌یه به‌ماستاوكردن خۆی بباته پێشه‌وه، بۆیه قسه‌كانی ھیچ ئیعتبارێكی له‌لای ئێمه نییه".
ئه‌ندامه‌كه‌ی فراكسیۆنی یه‌كێتی ده‌ڵێت: "عه‌لی عه‌ونی له‌ناو پارتیشدا قسه‌كانی ھیچ ئیعتبارێكی نییه، ته‌نیا ده‌یه‌وێت به‌و قسانه خۆی بباته‌پێشه‌وه له بنه‌ماڵه‌ی بارزانی، ئه‌وه‌شی بۆ ناكرێت".
وتیشی: "خه‌بات و سه‌روه‌رییه‌كانی ھێرۆخان زۆر زۆر له‌وه گه‌وره‌تره و ھه‌موو خه‌ڵكی كوردستان ده‌زانن كه له‌نیو سه‌ده‌ی رابردوو چی كردووه و له‌دوای خه‌باتی شاخیش چی كردووه، بۆیه ته‌نانه‌ت له‌ئاستی ئه‌وه‌شدا نییه وه‌ڵامی بده‌ینه‌وه".
دوێنێش عه‌لی عه‌ونی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان هێرشی كرده‌سه‌ر سه‌رجه‌م حزبه‌كان و به "كاڵفام" وه‌سفی كردن و رایگه‌یاند كه "ده‌بێت ئێستا ئاقل بووبن كه ئه‌م هه‌رێمه و ته‌نانه‌ت مانه‌وه‌ی شتێك به ناوی كوردستان و بزاڤی ئازادیخوازیی كوردستان به‌نده به مانه‌وه و به‌هێزیی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی.ئه‌وان له كاڵفامیی خۆیان به دژایه‌تی كردنی بارزانی داس له قاچی خۆیان ده‌ده‌ن".
له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌شی، له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج له نووسینێكدا رایگه‌یاند كه "چه‌ند ناشرینه مرۆڤ به‌و جۆره باسی میوانه‌كانی بكات، ئه‌وه چ ئازایه‌تی و ئاكارێكه به خه‌ڵكێك بڵێی ئاقڵ بوونه بۆیه رێی سه‌ری ره‌شتان گرتوه‌ته به‌ر".
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج بۆ عه‌لی عه‌ونی ده‌ڵێت: "تۆ لای خۆی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیت چۆن ده‌كرێ به سه‌ركرده‌و كه‌سانی سیاسی حزبه‌كانی دیكه بڵێیت ئاقڵ بوونه واهه‌مووتان ڕووتان كردوه‌ته بارزانی، سه‌ردان و هاتو چۆ په‌یوه‌ندی به ئه‌قڵ و شته‌وه نیه بۆچی وات تێكه‌ڵ كردووه ، جاخۆ بارزانیش ئه‌فه‌ندیانه چووبۆ به‌غدا باشه ده‌كرێت خه‌ڵك به هه‌مان ئه‌و عه‌قڵه‌ی تۆ مامه‌ڵه له ته‌ك چونه‌كه‌یدا بكات".
ئه‌و نووسه‌ره پێی ده‌ڵێت: "ئه‌وانه‌ی تۆ پێیان ده‌ڵێی عاقڵ بوونه، به‌شێكیان به‌رتاقای هه‌موو ساته‌كانی ته‌مه‌نی تۆ شه‌ڕی به‌عس و نادادی كردووه، له بری ئه‌وه‌ی ده‌ستخۆشیان لێبكه‌یت و داوابكه‌یت لانی كه‌م له به‌ر خاتری خه‌ڵكی كوردستان ئیدی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ هه‌ڵدرێته‌وه كه‌چی په‌لاماریان ده‌ده‌ی".
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج بۆ ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی پارتی جه‌ختی له‌وه كردووه‌ته‌وه كه "بۆ تۆ نا بۆ بارزانی و بارزانیه‌كان عه‌یبه، تۆ به‌و جۆره باسی چوونی وه‌فده‌كانی یه‌كێتی و گۆڕان بكه‌یت، مێژوو بریتی نییه له‌م یه‌ك دوو ساڵ و سات و سه‌رده‌مه".
بۆچوونه‌كه‌ی قوباد تاڵه‌بانی و كاردانه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كه‌ی پارتی، كاردانه‌وه‌ی لایه‌نگرانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان لێكه‌وته‌وه و یه‌كتریان تۆمه‌تبار كرد به به‌هه‌ڵه ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و دواتر چوونه‌وه بۆ به‌غدا و به "خیانه‌ت" ناوبردنی رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر.
PM:06:55:15/12/2018
ئه‌م بابه‌ته 19476
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت