بارزانی دۆخی سیاسیی ئێستای عیراق باشترین ده‌رفه‌ته‌ بۆ چارسه‌ركردنی كێشه‌كان

‌بارزانی و حەلبوسی

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق سه‌ردانی مه‌سعود بارزانیی كرد و هه‌ردوولا هاوڕابوون كه‌ دواكەوتنی تەواوكردنی كابینەی وزاریی نوێی عیراق كێشەكان قووڵتر دەكاتەوە و وڵات ڕوبەڕوی ئەگەری نادیار دەكاتەوە، بارزانی راشیگه‌یاند كه‌ دۆخی سیاسیی ئێستای عیراق باشترین ده‌رفه‌ته‌ بۆ چارسه‌ركردنی كێشه‌كان.

ئه‌مڕۆ شەممە 15ی كانونی یه‌كه‌می 2018، لە هاوینه‌هه‌واری سەلاحەدین مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازیی لە محەمەد ئەلحەلبوسی، سەرۆكی په‌رله‌مانی عیراق و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە نوێنەرانی پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و رۆژئاوای عیراق لە په‌رله‌مان.

به‌پێی میدیای فه‌رمیی پارتی دیمكوراتی كوردستان، لە دیدارەكەدا دوایین پەرەسەندنەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عیراق و هەنگاوەكانی تەواوكردنی حكومەتی نوێ و كێشەكانی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عیراق تاوتوێكراوه‌ و جەخت لەوە كراوه‌ته‌وه‌ كە دواكەوتنی تەواوكردنی كابینەی وزاریی حكومه‌ت كێشەكان قوڵتر دەكاتەوە و عیراق ڕوبەڕوی ئەگەری نادیار دەكاتەوە، تەئكیدیش لەسەر پابەندبوون بە پڕەنسیپی پارسەنگی لە دامەزراوەكانی حوكمڕانێتی و كەرتی ئەمنی و سەربازی كرایەوە.

لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبونەوەیەدا بارزانی پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەكانی سەرۆكی په‌رله‌مانی عیراق لە چارەسەركردنی كێشەكان و خێراتركردنی پڕۆسەی سیاسیی عیراق ڕاگەیاند و جەختیشی لەوە كردەوە كە لەدوای 2003 پڕۆسەی سیاسیی ئێستا باشترین دەرفەت بووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بنیاتنانی متمانەی نێوان لایەنەكان.


PM:05:41:15/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 836 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو