نه‌وه‌ی نوێ: سه‌یره‌ هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌رێم لەسەر بۆردومانەکانی تورکیا ناتوانن به‌یاننامه‌یه‌كیش ده‌ربكه‌ن


وێستگه‌ نیوزـ

فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له‌ په‌رله‌مانیك كوردستان به‌رپرسیارێتیی سه‌روه‌ریی هه‌رێم و عیراق ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی دامه‌زراوه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، سه‌رسوڕمانی خۆشی ده‌ربڕی له‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌رێم ناتوانن له‌ ئاست بۆردومانه‌كانی توركیا ته‌نها به‌ به‌یاننامه‌یه‌كیش رای خۆیان ده‌ربڕن.

د.كازم فاروق، سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: "ئەمە بۆ چەندەمین جارە سەروەریی وڵاتەكەمان پێشێلدەكرێت و هەردوو حكومەتی هەرێم و عیراق، نەیانتوانیووە لەرێی كەناڵە یاسایی و  دیپلۆماسییەكانەوە، چارەسەری گونجاو بۆ ئەم دەستدرێژییانە بدۆزنەوە."

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا، سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ راگه‌یاندوه‌: "لامان سەیرە کە هیج کام لە پارت و هێزە سەرەکیەکانی هەرێمی کوردستان هیچ لێدوانێکیان نەبوە لەسەر ئەم روداوە و ناتوانن بە تەنها بەیاننامەیەکیش رای خۆیان دەرببڕن."

شەوی پێنجشه‌ممه‌ 13ی كانونی یه‌كه‌می 2018، فڕۆکە جەنگییەکانی‌ تورکیا چەند شوێنێکیان لە سنوری‌ مەخمور و شنگال بۆردومانکرد و شەهید و برینداری‌ لێ کەوتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆش لەگەڵ خۆرهەڵهاتن، شوێنەوارەکانی بۆردوومانەکە دەرکەوتن.

بۆردومانەکان بۆ سەر کەمپی ئاوارەکانی‌ باکوری‌ کوردستان و گەریلاکانی پارتی‌ کرێکارانی‌ کوردستان (پەکەکە) بووە لە سنوری‌ مەخمور و شەنگال، لە ئەنجامیشدا چوار ژنی نیشتەجێی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور شەهیدبوون کە سیانیان ئەندامی یەک خێزانن.

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ:

ئێمە لە فراكسیۆنی "نەوەی نوێ‌"، بەرپرسیارێتیی پاراستنی سەروەریی هەرێم و عیراق دەخەینە ئەستۆی دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی عیراقیی، كە ئەمە بۆ چەندەمین جارە سەروەریی وڵاتەكەمان پێشێلدەكرێت و هەردوو حكومەتی هەرێم و عیراق، نەیانتوانیووە لەرێی كەناڵە یاسایی و  دیپلۆماسییەكانەوە، چارەسەری گونجاو بۆ ئەم دەستدرێژییانە بدۆزنەوە.

فراكسیۆنی "نەوەی نوێ‌"، وێرای دەربڕینی هاوخەمیی بۆ كەسوكاری قوربانییەكان و زیانلێكەوتوان، بە ئەركی حكومەتی هەرێم و عیراقی دەزانێت نەهێڵێت جارێكی تر ئەم روداوانە دوبارە ببنەوە و دەبێت قەرەبوی زیانلێكەوتوانیش بكرێتەوە. سەرەڕای ئەوەی سەرسوڕمانی خۆمان نیشاندەدەین كە حزبە كوردستانییەكان هەڵوێستییان نەبوە لەئاست ئەم پێشێلكارییەدا.

وە هەروەها لامان سەیرە کە هیج کام لە پارت و هێزە سەرەکیەکانی هەرێمی کوردستان هیچ لێدوانێکیان نەبوە لەسەر ئەم روداوە و ناتوانن بە تەنها بەیاننامەیەکیش رای خۆیان دەرببڕن.

د.کازم فاروق 
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان


PM:10:06:14/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 1056 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو