وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی توركیا وه‌رگرت


وێستگه‌ نیوزـ

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق باڵیۆزی توركیای له‌ به‌غدا بانگهێشت كرد و نامه‌یه‌كی ناڕه‌زایی راده‌ست كرد كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ دوباره‌بونه‌وه‌ی پێشێلكارییه‌ ئاسمانییه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌نقه‌ره‌وه‌.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی وه‌زاره‌تی دره‌وه‌ی عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندوه‌ كه‌ فاتح یه‌ڵدز، باڵیۆزی توركیای له‌ عیراق بانگهێشت كردوه‌ و له‌پای دوباره‌بونه‌وه‌ی پێشێلكارییه‌كان و به‌زاندنی سنوری ئاسمانیی عیراق نامه‌یه‌كی ناڕه‌زایی داوه‌تێ.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق رایگه‌یاندوه‌ كه‌ وه‌زاره‌ت ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ی توركیا و به‌زاندنی سنوری عیراق و به‌ئامانجگرتنی چه‌ندین ناوچه‌ی چیای شنگال و مه‌خمور ده‌كات كه‌ زیانی گیانی و ماڵیی به‌دواوه‌ بووه‌.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق راشیگه‌یاندوه‌ ئه‌و جۆره‌ كارانه‌ پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی عیراق و ده‌ستبردنه‌ بۆ ئاسایشی هاوڵاتیانی عیراق، ئه‌مه‌ش به‌هه‌موو جۆرێك كارێكی مایه‌ی ره‌تكردنه‌وه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی هاوسێیه‌تی یه‌كناگرێته‌وه‌.

هاوكات وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق دژایه‌تیی خۆشی ده‌ربڕیووه‌ بۆ به‌كارهێنانی خاكی عیراق وه‌ك باره‌گا و شوێنی ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی سه‌ربازی كه‌ ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 13ی كانونی یه‌كه‌می 2018، فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌كانی تورکیا چەند ناوجەیەکی سەر بە قه‌زای مەخمور و چیای شه‌نگالیان بۆردوومان کرد.

سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن بۆردوومانەکە زۆر نزیکبووە لەو کەمپەی کە ئاوارەکانی باکوری کوردستانی تێدا دەژین.
هاوکات لەگەڵ ئەو بۆردوومانەدا فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا چەند گوندێکی سەر بە شەنگالیان بۆردومانکرد.

سەبارەت بەو هێرشانە وەزارەتی‌ بەرگری‌ تورکیا ڕایگەیاند"بەمەبەستی پاراستنی سنورەکانمان، هێزە ئاسمانییەکانمان لە رێگەی فڕۆکەوە شنگال و چیای قەرەچوغیان بۆردویان کردووە".


PM:06:36:14/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 1856 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو