لە ئەنجامی بۆردومانەکان سێ کەس شەهید بوون


وێستگە نیوز-

لە ئەنجامی بۆردومانەکەی ئەمشەوی فرۆکە جەنگیەکانی تورکیا سێ ئەندامی هێزەکانی پاراستنی مەخمور شەهید بوون
.

ئاژانسی هاواری نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان بڵاویکردەوە "لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگیەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر کەمپی مەخمور سێ کەس شەهید بوون".

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەکردووە "ئەو سێ کەسەی شەهیدبوون ئەندامی هێزەکانی پاراستنی مەخمورن".

بەگوێرەی هەواڵەکەی ئاژانسی هاوار ئەندامێکی تری هەمان هێز بە سەختی بریندار بووە.

چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا فرۆکە جەنگیەکانی تورکیا بۆردوومانی چەند ناوجەیەکی سەر بە هەردوو قەزای شەنگال و مەخموریان کرد.

وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند ئەو ئۆپەراسیۆنەی ئەنجامیان داوە بە مەبەستی پاراستنی سنورەکانیانە.

کەمپی مەخمور زیاتر ٢ هەزار و ٧٠٠ خێزانی باکووری کوردستان، کە زیاتر لە ١٢ هەزار و ٥٠٠ کەس دەبن تیایدا دەژین.

ئەو هاووڵاتیانەی باکووری کوردستان لە ساڵی ١٩٩٦ەوە لەو کەمپەدا نیشتەجێن.

کەمپەکە لە ژێر چاودێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە.

هاووڵاتیانی کەمپی مەخمور بە کەمپەکەیان دەڵێن کەمپی شەهید ڕۆستەم جودی.

پێشتریش ئەو کەمپە بووەتە ئامانجی چەند کردەوەیەکی توندوتیژی.

نزیکەی ساڵێک پێش ئێستا لە تەقینەوەیەکدا چوار ئەندامی هێزەکانی پاراستنی مەخموەر شەهید بوون.

تورکیا بە یەکێک لە مەترسیەکانی سەر وڵاتەکەی ناو دەبات و بەردەوام هەوڵی تێکدانی کەمپەکە و بڵاوەپێکردنی پەنابەرەکان دەدات.


ب.ع




PM:10:56:13/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 3344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو