دوای 15 ساڵ هێشتا تارمایی سه‌دام به‌سه‌ر هه‌وادار و قوربانییه‌كانیه‌وه ماوه
سەدام دوای لەناوبردنی نەیارەکانی، حوکمی عیراقی کرد
وێستگه نیوز –
هێزه ئه‌مریكییه‌كان له رۆژی 13ی كانونی یه‌كه‌می 2003دا سه‌دام حسێن دیكتاتۆری پێشوی عیراقیان له كێڵگه‌یه‌ك له نزیك شارۆچكه‌ی دۆره‌ی نزیك له شاری تكریت شوێنی له‌دایكبوونی له پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین ده‌ستگیر كرد.
سه‌دام حسێن ماوه‌ی 9 مانگ خۆی له هێزه ئه‌مریكییه‌كان شارده‌وه تا دواجار له چاڵێكی بچو‌وكدا ده‌ستگیر كرا.
دوای تێپه‌ڕبوونی ئه‌و هه‌موو ماوه‌یه، هێشتا له‌ناوخۆی عیراق و ده‌ره‌وه‌ش هه‌ست و هه‌ڵوێستی جیاواز به‌رامبه‌ر سه‌دام هه‌یه.
ئه‌و له‌لای خۆشه‌ویسته‌كانی "سه‌رۆكێكی عه‌ره‌بی ئازایه و رووبه‌ڕووی هه‌وڵه‌كانی ئێران بۆ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی شۆڕشی ئیسلامی بۆ عیراق بووه‌ته‌وه و هیچ كات دوودڵ نه‌بووه له هێرشكردنه‌سه‌ر ئیسرائیل"، به‌ڵام لای نه‌یاره‌كانی ته‌نها "تاغوتێكی زاڵم بووه و حوكمڕانییه‌كی خێزانی سه‌ركوتكه‌رانه‌ی دامه‌زراندووه و ده‌یان هه‌زار كه‌سی له شیعه و كورد كوشتووه به به‌كارهێنانی چه‌كی ته‌قلیدی و وڵاته‌كه‌ی خستووه‌ته گێژاوی چه‌ندین جه‌نگه‌وه".
له‌ماوه‌ی زیاتر له 30 ساڵ فه‌رمانڕه‌واییدا كه زیاتر له 20 ساڵیان سه‌رۆك بووه، سه‌دام شێوازێكی توندی له حوكمكردندا پیاده‌كرد ئه‌مه‌ش هه‌موو عیراقی خسته حاڵه‌تێكی خراپه‌وه.
له ساڵی 1980دا و دوای ساڵێك له بوونی به سه‌رۆك، سه‌دام عیراقی خسته جه‌نگێكی وێرانكه‌ره‌وه له‌گه‌ڵ ئێرانی دراوسێدا، دوای ده‌یه‌یه‌ك هێرشی كرده‌سه‌ر وڵاتی كوه‌یت و به‌هۆیه‌وه شه‌ڕی دووه‌می كه‌نداو هه‌ڵگیرسا.
سه‌ره‌ڕای نه‌هامه‌تی عیراقییه‌كان له ده‌ره‌نجامی كاریگه‌ری ئه‌و ئابڵوقه ئابوورییه‌ی له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه به‌سه‌ر وڵاته‌كه‌یاندا سه‌پێندرا به‌هۆی هێرشكردنه‌سه‌ر كوه‌یت، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام تا هێرشكردنه‌سه‌ر عیراق له ساڵی 2003دا لاواز نه‌بوو.
له ساڵی 1937 سه‌دام له گوندی عۆجه‌ی سه‌ر به شاری تكریت له ناوه‌ڕاستی عیراق له‌دایك بوو، ژیانی منداڵی ئاسایی نه‌بووه و پڕبووه له توندوتیژی، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری ئاشكرای له‌سه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی دروست كردبوو.
سه‌دام حسێن له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی خه‌یروڵا توڵفاح-ی خاڵی كه دواتر و له ساڵی 1979دا كردی به پارێزگاری به‌غدا، گه‌وره‌بوو، دواتر هاوسه‌گیری له‌گه‌ڵ كچی خاڵه‌كه‌ی كرد، دوای ئه‌وه‌ی له 1979دا بوو به سه‌رۆكی عیراق عه‌دنان خه‌یروڵای كوڕی خاڵی كرد به وه‌زیری به‌رگری.
له ساڵی 1956دا په‌یوه‌ندی كرد به حزبی به‌عسه‌وه له عیراق، ئه‌وه‌ش یه‌كه‌م هه‌نگاوی بوو بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات و له ساڵی 1959دا چالاكی سیاسی به به‌شداریكردن له هه‌وڵی تیرۆركردنی عه‌بدولكه‌ریم قاسم سه‌رۆكی ئه‌وكاتی عیراق ده‌ست پێكرد، به‌ڵام هه‌وڵه‌كه شكستی هێنا و به‌وهۆیه‌وه به‌ره‌و سوریا و دواتر بۆ میسر هه‌ڵات، دوای كوده‌تاكه‌ی 8ی شوباتی 1963 كه به‌هۆیه‌وه عه‌بدولكه‌ریم قاسم له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات لادرا، گه‌ڕایه‌وه عیراق.
زۆری نه‌خایاند ناكۆكی له‌نێوان حزبی به‌عس و عه‌بدولسه‌لام عارف سه‌رۆك كۆماری ئه‌وكاتی عیراق دروست بوو و ژماره‌یه‌كی زۆر له ئه‌ندامانی ئه‌و حزبه‌ی خسته زیندانه‌كانه‌وه.
له 17ی ته‌مموزی 1968دا و به هه‌وڵی ژماره‌یه‌ك به‌رپرس له حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولڕه‌حمان عارف سه‌رۆكی ئه‌وكاتی عیراق، حزبی به‌عس كوده‌تایه‌كی ئه‌نجامدا و به‌وشێوه‌یه گه‌ڕایه‌وه ده‌سه‌ڵات، دوای كه‌متر له دوو هه‌فته‌ش ئه‌و به‌رپرسانه‌ی هاوكاریان بوون له‌ده‌سه‌ڵات دوورخرانه‌وه.
له‌دوای كوده‌تاكه‌ی ساڵی 1968 سه‌دام حسێن هه‌وڵه‌كانی ته‌رخانكرد بۆ ئه‌وه‌ی پله‌كان ببڕێت تا بگاته لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵات و له‌ڕێی په‌نابردنه‌به‌ر هه‌موو هۆكاره‌كان وه‌ك له‌ناوبردنی ركابه‌ر و نه‌یاره‌كانی و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی گومانی لێده‌كردن كه له‌ناو حزب و ده‌ره‌وه‌ی دڵسۆز نین، توانی ئه‌و خه‌ونه‌ی به‌دیبێنێت.
پاساوی ده‌ستپێكردنی جه‌نگ
له‌و ماوه‌یه‌ی وه‌ك جێگری ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن ئه‌لبه‌كر له ده‌سه‌ڵاتدا بوو، سه‌دام هه‌وڵی دا ده‌سه‌ڵات له‌لای چه‌ند كه‌سێكی نزیكی خۆی كۆبكاته‌وه و ببێته به‌هێزترین كه‌س له ده‌سه‌ڵاتدا تا پۆستی سه‌رۆكایه‌تی له به‌كر سه‌نده‌وه و ناچاری كرد ده‌ست له‌كاربكێشێته‌وه و دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م كۆچی دوایی كرد.
سه‌دام سیاسه‌تی پشت به‌ستن به بنكه و فه‌رمانگه هه‌واڵگرییه‌كانی پیاده‌ده‌كرد له چاودێریكردنی جموجوڵی نه‌یار و ركابه‌ره‌كانی و توانا ئابوورییه‌كانی عیراقی وه‌ك یه‌كێك له گرنگترین وڵاته به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانی نه‌وت بۆ چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتی و زیادكردنی ژماره و توانای هێزه سه‌ربازییه‌كان به‌كارهێنا به‌شێوه‌یه‌ك كه ره‌نگدانه‌وه‌ی خه‌ونه‌كانی بێت و سنووری عیراق تێبپه‌ڕێنێت.
له ئه‌یلولی 1980دا عیراق كه‌وته حاڵه‌تی جه‌نگێكی وێرانكه‌ره‌وه له‌گه‌ڵ ئێران كه ماوه‌ی هه‌شت ساڵ خایاند و به‌هۆیه‌وه سه‌دان هه‌زار كه‌س كوژران و بریندار و كه‌مئه‌ندام بوون و ئابووری هه‌ردوو وڵاتی هه‌ڵوه‌شاند.
ئه‌و جه‌نگه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی هاوڵاتیانی عیراق دروستكرد و وایان لێهات له نه‌هامه‌تیدا بژین و له وڵاتێكدا كه به ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵاته تازه پێگه‌یشتووه‌كان داده‌نرا، هه‌ژار و نه‌دار بن.
هێشتا عیراق نه‌كه‌وتبووه‌وه سه‌ر پێی خۆی، كه سه‌دام له ئابی 1990دا فه‌رمانی كرد به هێزه‌كانی كه كوه‌یت داگیر بكه‌ن.
ئه‌م جه‌نگه‌ش ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی ته‌نها شكاندنی سوپای عیراق نه‌بوو، به‌ڵكو درێژه‌ی كێشا بۆ سه‌پاندنی ئابڵوقه‌ی ئابووری نێوده‌وڵه‌تی كه وڵاتی به هیلاك برد و گه‌له‌كه‌ی هه‌ژار كرد.
جموجوڵه ناوخۆییه‌كان
سه‌ره‌ڕای ئه‌و راپه‌ڕینانه‌ی دوای شكاندنی سوپای عیراق له شه‌ڕی كوه‌یت له دژی ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام حسێن له‌ناوچه‌كانی باكوور و باشوور روویاندا، به‌ڵام توانی له‌ڕێی سه‌ركوتكردنی كورده‌كان له باكوور و شیعه‌كان له باشوور له‌ده‌سه‌ڵاتدا بمێنێته‌وه.
سه‌دام راگواستنی به‌رفراوانی دانیشتوانی له‌ناوخۆی عیراق ئه‌نجامدا و په‌نای برده‌به‌ر ئه‌شكه‌نجه‌دان و كوشتنی به‌كۆمه‌ڵ و به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی وه‌ك ئه‌وه‌ی له شاری هه‌ڵه‌بجه روویدا و گۆڕانكاری ژینگه‌یی گه‌وره‌ی ئه‌نجامدا به ئامانجی ئه‌منی وه‌ك وشككردنه‌وه‌ی هۆڕه‌كان له باشووری عیراق.
هه‌روه‌ك جموجوڵی تری ناوخۆیی له دژی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی روویدا كه خۆی له هه‌ڵاتنی دوو كه‌سی نزیكی بینییه‌وه كه هه‌ردوو زاواكه‌ی حسێن كامیل به‌رپرسی پیشه‌سازی سه‌ربازی و سه‌دام كامیلی برای كه له ده‌سته‌ی پاسه‌وانی سه‌دام بوون، به‌ره‌و ئوردون هه‌ڵاتن.
به‌ڵام كاتێك بڕیاریاندا به گه‌ره‌نتی خودی سه‌دام بگه‌ڕێنه‌وه، ده‌ستبه‌جێ له به‌غدا كوژران، هه‌روه‌ك خودی سه‌دام رووبه‌ڕووی چه‌ند هه‌وڵێكی كوشتن و لابردنی له ده‌سه‌ڵات بووه‌وه، له 1996یشدا هه‌وڵی كوشتنی عوده‌ی كوڕی درا و به‌هۆیه‌وه كه‌مئه‌ندام بوو.
له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌لـلـه‌ڕه‌قییه‌ی سه‌دام له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ بڕیاره‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و لیژنه‌كانی پشكنین ده‌ری ده‌بڕی، ناچاربوو پابه‌ند بێت به رێككه‌وتنی نه‌وت به‌رامبه‌ر به خۆراك كه ڕێی به عیراق ده‌دا به‌شێك له نه‌وته‌كه‌ی بۆ كڕینی خۆراك و ده‌رمان بفرۆشێت.
به‌هۆی ناكۆكییه‌كان ده‌رباره‌ی پشكنین بۆ چه‌كی كۆكوژ له‌نێوان عیراق و پشكنه‌رانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، له كانوونی یه‌كه‌می 1998دا ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و به‌ریتانیا هێرشێكی مووشه‌كییان كرده‌سه‌ر عیراق.
وڵاتانی خۆرئاواش له باكوور و باشوور ناوچه‌ی دژه‌فڕینیان به‌سه‌ر عیراقدا سه‌پاند و بڕیاره‌كه‌ش تا نیسانی 2003 كاتێك هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان چوونه خاكی عیراق و سه‌دامیان له‌ده‌سه‌ڵات لابرد، به‌رده‌وام بوو.
هێرشه‌كانی ئه‌یلولی 2001 بۆسه‌ر ئه‌مریكا، عیراقی خسته‌وه به‌رنامه‌ی كاری له‌پێشینه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و دوای رووخانی رژێمی تاڵیبان له ئه‌فغانستان، بۆ یه‌كه‌م جار به‌رپرسه ئه‌مریكییه‌كان به ئاشكرا داوای رووخاندنی رژێمی سه‌دامیان ده‌كرد وه‌ك ئامانجێكی سه‌ره‌كی و ته‌ركیزیان خسته‌سه‌ر خاوه‌ندارێتی عیراق بۆ چه‌كی كۆكوژ وه‌ك پاساوێك بۆ هێرشكردنه‌سه‌ر عیراق.
كاتێك هێزه‌كانی ئه‌مریكا گه‌یشتنه به‌غدا، سوپای عیراق و حكومه‌ت هه‌ره‌سیان هێنا و سه‌دام و زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی رژێمه‌كه‌ی هه‌ڵاتن و خۆیان شارده‌وه.
ئه‌مریكا لیستێكی 55 كه‌سی له ناوی به‌پرسانی رژێمی به‌عس ئاماده‌كرد و له‌پێش هه‌موویانه سه‌دام و هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی عوده‌ی و قوسه‌ی بوون كه له ته‌مووزی 2003دا له هێرشێكی هێزه‌كانی ئه‌مریكا بۆسه‌ر ماڵێك له شاری موسڵ كوژران و زۆربه‌ی به‌رپرسانی رژێمی سه‌دام ده‌ستگیر كران.
له 19ی تشرینی یه‌كه‌می 2005دا دادگایه‌كی عیراقی دوای چه‌ندین دانیشتنی ئاشكرا كه له‌ڕێی ته‌له‌فزیۆنه‌وه په‌خشده‌كرا، سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ر سه‌دامدا سه‌پاند، به‌ڵام ناوبراو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ئاڕاسته‌ی كرابوون، ره‌تكرده‌وه و دادگاكه‌ی به نایاسایی وه‌سف كرد.
له 30ی كانوونی یه‌كه‌می 2006دا سزای له‌سێداره‌دان به‌سه‌ر سه‌دامدا جێبه‌جێ كرا و له شوێنی له‌دایكبوونی له تكریت به‌خاك سپێردرا.
له ئازاری 2015دا و له ئه‌نجامی شه‌ڕی هێزه عیراقییه‌كان و حه‌شدی شه‌عبی له دژی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ناسراو به‌داعش، گۆڕه‌كه‌ی سه‌دام وێران بوو.
هه‌ندێك هه‌واڵیش باسیان له‌وه كرد كه له 2014دا كه‌سه نزیكه‌كانی، ته‌رمه‌كه‌ی سه‌دام حسێنیان گواستووه‌ته‌وه بۆ شوێنێكی نهێنی.
سه‌رچاوه: bbc
PM:08:34:13/12/2018
ئه‌م بابه‌ته 9016
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت