هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی حكومه‌تی پێشوو، عه‌بادیی نیگه‌ران كردوه‌

‌عەبادی و عەبدولمەهدی

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوی عیراق نیگه‌رانه‌ له‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی بڕیاره‌كانی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێت: بڕیاره‌ حكومییه‌كانی پێشوو په‌یوه‌ندیی به‌ خزمه‌تگوزاری و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوڵاتیانه‌وه‌ هه‌بووه‌.

حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوی عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا هۆشداریی دا له‌ دروستبونی پاشاگه‌ردانی له‌ كاره‌كانی حكومه‌تی ئێستای عیراق و سه‌رسوڕمانی خۆی ده‌ربڕی له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی چه‌ند بڕیارێكی پێشووی حكومه‌ت.

له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق كه‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ 11ی كانونی یه‌كه‌می 2018 سازكرا، عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیران بڕیاریدا كاركردن به‌ سه‌رجه‌م ئه‌و بڕیار و رێنماییانه‌ رابگیرێت كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌ ماوه‌ی نێوان مانگی ته‌مموز تا 24ی تشرینی یه‌كه‌می 2018 ده‌ریكردون.

عه‌بادی جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی ئێستای عیراق هه‌نگاوێكی مه‌ترسیداره‌ و پاشاگه‌ردانی ده‌هێنێته‌وه‌ و كاره‌كانی حكومه‌ت په‌كده‌خات و له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌داهاتوودا سه‌رجه‌م بڕیاره‌كانی حكومه‌تی پێشوو هه‌ڵوه‌شێندرێنه‌وه‌"

وتیشی: "ئه‌م بڕیاره‌ی حكوومه‌تی نوێ له‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هاووڵاتیانه‌ و هه‌ر كابینه‌ نوێیه‌كه‌ رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ و تانه‌ ده‌كاته‌وه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ تائێستا حكوومه‌تێكی ته‌واو نییه‌ و له‌ چه‌ند وه‌زاره‌تێكه‌وه‌ تانه‌ی له‌سه‌ره‌، هه‌روه‌ك میكانیزمی دسه‌تنیشانكردنی وه‌زیره‌كانیش پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوره‌".

عه‌بادی داواشی له‌ حكوومه‌ت كرد، "به‌و بڕیارانه‌دا بچێته‌وه‌ و نه‌یانخاته‌ بواری جێبه‌جێكردن"، چونكه‌ وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، "كابینه‌ی نوێ به‌بێ دیراسه‌كردن ئه‌و بڕیاره‌ی داوه‌".


PM:07:55:12/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 1916 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت