وه‌فدی باڵای گۆڕان و كۆمه‌ڵ كۆبوونه‌وه
فۆتۆ: بڕیار نامیق
وێستگه نیوز –
وه‌فدی باڵای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان تاووتوێی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولا و دوایین په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و عیراقیان كرد.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 12ی كانوونی یه‌كه‌می 2018 وه‌فدێكی باڵای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌سه‌رۆكایه‌تی عومه‌ر سه‌ید عه‌لی رێكخه‌ری گشتیی و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی خانه‌ی راپه‌ڕاندن سه‌ردانی مه‌كته‌بی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامی-یان كرد له‌شاری هه‌ولێر و له‌لایه‌ن عه‌لی باپیر، ئه‌میری كۆمه‌ڵ و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و حزبه‌وه پێشوازی كران.
له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوو وه‌فدی باڵای گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی تاوزتوێی په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ردولاو دوایین په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و عیراقیان كرد.
هه‌ردوولاش كاری هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگیی زیاتری لایه‌نه سیاسیه‌كانیان به‌پێویست زانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان و خزمه‌تكردنی زیاتری خه‌ڵكی كوردستان.
دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش، عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان به كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێنی راگه‌یاند كه "په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ گۆڕان توندوتۆڵه و رۆژ به‌ڕۆژ توندوتۆڵتری ده‌كه‌ین".
عه‌لی باپیر وتی: "ئێستا له راوێژكردنداین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌گه‌ڵ گۆڕان پێكه‌وه هه‌نگاو هه‌ڵێنین".
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه له‌گه‌ڵ گۆڕان، "ئامانجی هاوبه‌شی زۆر كۆمان ده‌كه‌نه‌وه و له رابردوودا هه‌وراز و نشێوی زۆرمان پێكه‌وه بڕیوه و له داهاتوودا هه‌وڵ ده‌ده‌ین بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌م خه‌ڵك و وڵاته پێكه‌وه هه‌نگاو بنێین".
وتیشی: "هه‌ڵوێستمان زۆر له یه‌ك نزیكه له‌و شتانه‌ی كه له به‌رده‌مماندان وه‌ك مه‌سه‌له‌ی ئه‌و قه‌واره سیاسییه تازه‌یه‌ی كه دروست ده‌بێت و بیروڕامان گۆڕیوه‌ته‌وه و هه‌ڵوێسته‌كانمان نزیكه".
پێشتریش وه‌فدی باڵای گۆڕان له هه‌ولێر له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووه‌وه و تاوتوێی پرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ردوولا و پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێم و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی گرنگی گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و عیراقیان كرد.
PM:05:07:12/12/2018
ئه‌م بابه‌ته 2144
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت