ئاسایشی سلێمانی سزادانی سێ تاوانباری راگه‌یاند


وێستگه‌ نیوز –
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ ئاسایشی سلێمانی سزادانی سێ تاوانباری راگه‌یاند كه‌ له‌سه‌ر مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیركراون و دوێنیش له‌لایه‌ن دادگای تاوانه‌كانی سلێمانییه‌وه‌ سزاكه‌یان ده‌رچووه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی سلێمانی له‌ راگه‌یه‌نراوێكیدا كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست وێستگه‌ نیوز كه‌وتووه‌، رایگه‌یاند كه‌ له‌ درێژه‌ی كارو چالاكییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیاندا به‌مه‌به‌ستی نه‌هێشتن و بنبڕكردن و بازرگانیپێكردنی هه‌موو جۆره‌ ماده‌یه‌كی هۆشبه‌ر و هه‌ر جۆره‌ كارێكی نایاسایی، هێزه‌كانیان توانیان له‌ڕۆژانی 10ی ئایاری 2018 بۆ 10ی ته‌موزی  به‌بڕیاری دادوه‌ر، له‌پارێزگای سلێمانی سێ كه‌س ده‌ستگیر بكه‌ن.

ئاسایشی سلێمانی ده‌ڵێت: "به‌پێی مادده‌ی (14ی‌ ماده‌هۆشبه‌ره‌كان)، ئه‌و سێ‌ كه‌سه‌ له‌لایه‌ن دادگای تاوانه‌كانی سلێمانی/2، رۆژی 11ی كانونی یه‌كه‌می 2018 سزادراون".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "(ت.أ.ج) له‌دایكبوی ساڵی 1992 ره‌گه‌زی نێر پیشه‌ی كاسب، سزادرا بۆ ماوه‌ی ساڵێك و  غه‌رامه‌كردنی به‌بڕی 450 هه‌زار دینار".

ده‌شڵێت: "(د.ك.أ) له‌دایكبوی ساڵی 1995 ره‌گه‌زی  نێر، پیشه‌ی كاسب، سزادراوه‌ بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ و  غه‌رامه‌كردنی به‌بڕی 450 هه‌زار دینار".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "(م.و.س) له‌دایكبوی ساڵی  1985 ره‌گه‌زی نێر، پیشه‌ی كاسب، سزادراوه‌ بۆ ماوه‌ی حه‌وت مانگ و غه‌رامه‌كردنی به‌بڕی 450 هه‌زار دینار".



PM:04:40:12/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 4160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو