سه‌ركرده‌یه‌كی پارتی: حكومه‌ت له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان پێكده‌هێنرێت


وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار
ئەندامێكی خولی دووه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی پارتی، رایده‌گه‌یه‌نێت، زینجیرە كۆبونەوەی لایەنەكان بەستەڵەكی نێوانیان دەتوێنێتەوە و حكومەتی بنكە فراوان پێكناهێنرێت و ته‌نها له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی و گۆڕاندا ده‌بێت.


فازڵ بەشارەتی، ئه‌ندامی خولی دووه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی پارتی به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: "بەستەڵەكی نێوان لایەنەكان تواوەتەوە تا رادەیەك و هیوادارین ببێتە مایەی خۆشی بۆ هاوڵاتیان و زیاتر یەكخستنی هەڵوێستی لایەنەكان لە پێناو دەسكەوتی زیاتربۆ خەڵكی كوردستان".

وتیشی: "پێكهێنانی حكومەت بەندە بە وتوێژی نێوان لایەنەكانەوە بە تایبەت پارتی و یەكێتی و گۆڕان لە ئێستادا بە چڕی دەستیان بە دانوستان كردووە و هەریەك لەو لایەنانە بەركەوتی خۆی دەزانێت چەندە ئەوەی ماوەتەوە چۆنییەتی دابەشكردنی وەزارەت و پۆستەكانی دیكەیە".

ئه‌وه‌شی خستەڕوو: "وا دەردەكەوێت تەنها سێ لایەن حكومەت پێكدەهێنن ئەوانیش یەكێتی و گۆڕان و پارتیە چونكە ناكرێت بە رێچكەی ئەو ئەزمونانە بچینەوە كە سەركەوتوو نەبووین تیایدا بەتایبەت حكومەتی بنكە فراوان و حكومەت پەنجا بە پەنجا و لە رابردوودا ئەوانەی لە حكومەتی بنكە فراواندا بوون بینیمان هەڵوێستیان چۆن بوو".

ئه‌وه‌شی باسكرد: ئاڕاسته‌ی كوردستان به‌و ئاقاره‌ ده‌ڕوات كه‌ حكومه‌تی زۆرینه‌ و تاك لایه‌ن دابمه‌زرێت، له‌ داهاتووشدا كێ بردیه‌وه‌ پێكهێنانی حكومه‌تی پیرۆز بێت.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا شاندێكی باڵای پاتی و گۆڕان له‌ هه‌ولێر بۆ تاوتوێكردنی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ كۆبوونه‌وه‌دان.

شانده‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پێكهاتووه‌ له‌ عومه‌ری سه‌ید عه‌لی، رێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ره‌وف عوسمان، جه‌لال جه‌وهه‌ر، محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم و ئاسۆ ره‌حیم.

هاوكات شاندی پارتیش بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆشیار زێباری، کاکەمین نەجاڕ، مەحمود محەمەد، عزەدین بەرواری و رێبوار یەڵدا ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و چەند ئەندامێکی دیکەی سەرکردایەتی پارتی بەشداری کۆبوونەوەکەن.

پێشتر چالاكی موهه‌ندیس، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی نێوان گۆڕان و پارتی بۆ پرسی پێكهێنانی حكومه‌ته‌ و له‌سه‌ر ئاستێكی باڵا كۆده‌بنه‌وه‌.

هه‌روه‌ك روونیكرده‌وه‌: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخی هه‌رێم و عیراق تاووتوێ ده‌كرێت و هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌خرێته‌ به‌ر باس.

بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان گفتوگۆی لەگەڵ لایه‌نه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێكردووه‌ته‌وه‌ و دوێنێش ھەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی لە ھەولێر كۆبوونەوە.

پێشتریش پارتی سه‌ردانی لایه‌نی یه‌كێتی و گۆڕانی كردبوو بۆ پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی هه‌رێم.


PM:12:58:12/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 4192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو