وه‌زیری وزه‌ی ئه‌مریكا به‌جیا له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی كۆبوه‌وه‌

‌نێچیرڤان بارزانی و ریک بێری

وێستگه‌ نیوزـ

دوای سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ عیراق و هه‌رێمی كوردستان و كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ به‌رپرسانی عیراق و مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، وه‌زیری وزه‌ی ئه‌مریكا به‌جیا له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی كۆبوه‌وه‌.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 11ی كانونی یه‌كه‌می 2018، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ ریك بێری، وه‌زیری وزه‌ی ئه‌مریكا كۆبوه‌وه‌ و به‌پێی هه‌واڵێكی سایتی حكومه‌تی هه‌رێم، له‌ دیدارێكدا وه‌زیره‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ و وه‌فدی هاوڕێی دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پشتیوانیكردن له‌ سه‌قامگیری له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان و دانوستانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوولا.

به‌گوێره‌ی هه‌واڵه‌كه‌، وه‌زیری وزه‌ی ئه‌مریكا قوربانیدانی هه‌رێمی كوردستانی له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا به‌رز نرخاندووه‌.

له‌دیداره‌كه‌دا، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندوه‌:"هه‌رێمی كوردستان وه‌ك پاڵپشتییه‌كی به‌هێز بۆ خه‌ڵك و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌یری‌ ئه‌و سه‌ردانه‌ ده‌كات"، سوپاسی ئه‌م‌ریكاشی كرد بۆ لێكنزیككردنه‌وه‌ی هه‌ولێر و به‌غدا و گه‌یشتن به‌ هه‌ندێك لێكگه‌یشتن و ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌ربڕی و هیوای خواست ئه‌مه‌ریكا ڕۆڵی خۆی له‌مباره‌یه‌وه‌ بگێڕێت به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركوك كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو ئاسانكاریه‌كی نیشانداوه‌ به ‌شێوه‌یه‌ك ڕێژه‌ی ئێستای هه‌نارده‌كردن‌ بۆ به‌رژوه‌ندی و داهاتی گشتیی عیراق به‌كار بهێنرێت.


هه‌ر له‌ رۆژی سێشه‌ممه‌دا، ریك بێری چاوی به‌ مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان كه‌وت و دوا په‌ره‌سه‌ندنەکانی ناوچه‌كه‌ و پێشخستنی پەیوەندییە دووقۆڵیەکانی نێوان هەردوولا لە سه‌رجه‌م بوارەکاندا، بەتایبەتی لە بواری وزە تاوتوێكرا.

به‌پێی میدیاكانی نزیك له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان، لە وەزیری وزەی ئەمریکا خۆشحاڵی خۆی بەو پێشکەوتنانە دەربڕی کە لە هەرێمی کوردستان بەدیهاتوون و باسی لە مەبەستی سەردانەکەی کرد کە بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکانی ئەمه‌ریکایە لەگەڵ عیراق و هەرێمی کوردستان لە بواری وزە و ئابوری، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی کەرکوکیان لە رێگەی ھەرێمی کوردستانەوە بە سەرەتایەکی ئەرێنی ھەژمار کرد.

له‌به‌رامبه‌ریشدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەداوە کە درێژەدان و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لە سه‌رجه‌م بوارەکان لە بەرژەوەندیی سەقامگیری ناوچەکە بە گشتیدایە، دووپاتیشیکردوەتەوە کە بە هاوکاری هاوبەشەکان کار بۆ کوردستانێکی بەهێزتر و پێشکەوتوو دەکەن و وتویەتی: ھەرێمی کوردستان دەخوازێت بە کرداری سود لە رێكکەوتنی ستراتیجی نێوان ئەمریکا و عیراق وەربگرێت، بە تایبەت لە بواری کەرتەکانی وزە و ئابوری و چاکسازی.

لەبارەی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لەگەڵ بەغدا، راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان روونیکردەوە، لە گفتوگۆکردن و دیالۆگ بەردەوام دەبن بۆ گەیشتن بە چارەسەری سه‌رجه‌م کێشەکان.




PM:09:38:11/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 1296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو