سه‌رۆك كۆماری عیراق داوا ده‌كات هاوكاریی نێوان به‌غدا و واشنتن له‌دوای داعش به‌رده‌وام بێت

‌د.بەرهەم ساڵح و ریک بێری

وێستگه‌ نیوزـ

وه‌زیری وزه‌ی ئه‌مریكا به‌ سه‌رۆكایه‌تیی وه‌فدێكی باڵا سه‌ردانی عیراقی كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری عیراق كۆبوه‌وه‌، له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك كۆمار داوایكرد په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و واشتن له‌دوای قۆناغی داعش به‌رده‌وامیی هه‌بێت.

له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ عیراق كه‌ ئەمڕۆ سێشەممە 11ی كانونی یه‌كه‌می 2018، ئه‌نجامیدا، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیکرد له‌ ریك بێری، وه‌زیری وه‌زی ئه‌مریكا كه‌ به‌ یاوەریی وەفدێکی باڵا له‌ لێپرسراوانی حکومی و پسپۆڕ و راوێژکارانی ئەمریکا سه‌ردانی عیراقی كردبوو.

به‌پێی هه‌واڵێكی سایتی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عیراق، د.به‌رهه‌م ساڵح پشتگیری ئەمریکای به‌رز نرخاند له‌ پشتیوانیكردنی عیراق له‌ جه‌نگی دژی تیرۆر و داوای کرد کە هاریکاریی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات لە دوای قۆناغی داعش بەردەوام بێت بە مەبەستی بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان.

باسیشی له‌ بایەخی ژیانەوەی ئابوری و ڕەخساندنی كه‌شێكی لەبار كرد تا عیراق بتوانێت پشت به‌خۆی ببه‌ستێ و لەو بارەیەوە سەرۆک کۆمار باسی له‌ گرنگیی سودوەرگرتن لە شارەزایی ئەمریکا كرد بە تایبەتی لە بواری گەشەپێدانی پیشەسازی نەوت و بە بازاڕکردنی نەوت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

له‌به‌رامبه‌ریشدا، ریك بێری، وەزیری وزەی ئەمریکا ستایشی ئازایەتی و قوربانیدانی عێراقییه‌كانی کرد لە تێکشکاندنی تیرۆر و سەرکەوتن بەسەر داعشدا، هاوکات سوربوون و بڕیاردانی عیراقییەکانی بەرز نرخاند لە بنیاتنانەوەی وڵاتەکەیان و گەشەپێدان و پێشخستنی باری سیاسی و ئابوری و خزمەتگوزاری.

داواشیکرد ژینگەیەکی گونجاو فەراهەم بکرێت بۆ وەبەرهێنان لە عیراقدا و وتی: دەرفەتەکانی وزە و پەرەپێدانی ئابوری و خوێندن و تەندروستی بۆ وەبەرهێنان لە عیراقدا فراوان و بێ سنورن، هاوکات پشتیوانی وڵاته‌كه‌شی له‌ ته‌واوی بواره‌كانی زانستی و تەکنیکی و لۆجستی و وزەدا بۆ عیراق راگەیاند.


PM:06:40:11/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 1376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو