عەرەبانەکانی سەهۆڵەکە دەدرێنەوە خاوەنەکانیان


وێستگە نیوز- هێڤی خالید

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بڕیاریداوە سەرجەم عەرەبانە و کەلوپەلەکانی کاسبکارانی شەقامی سالم بدرێنەوە خاوەنەکانیان و دەشتوانن لە هەمان شوێنەکانی جارانیان بەردەوامبن لە کارەکانیان تا ئەو کاتەی شەقامەکە بە شێوەیەکی مۆدێرن ڕێکدەخرێتەوە.

سەرچاوەیەک لە نوسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وێستگە نیوزی راگەیاند "قوباد تاڵەبانی بڕیاریداوە سەرجەم عەرەبانە و کەلوپەلەکانی کاسبکارانی شەقامی سالم کە ناسراوە بە سەهۆڵەکە بدرێتەوە خاوەنەکانیان".

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد "بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی کاسبکاران دەتوانن کاری خۆیان بکەن لە هەمان شوێنەکانی جاران".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە وتیشی "جێگری سەرۆکی حکومەت فەرمانی بە سەرۆکی شارەوانی کردووە ڕێگە بە کاسبکاران بدات لەو شوێنانە کار بکەن تا ئەو کاتەی کە شەقامەکە بە شێوەیەکی مۆدێرن ڕیکدەخرێتەوە".

ئەوە لە کاتێکدایە پێشتر چەند جارێک لەلایەن شارەوانی سلێمانییەوە کاسبکارانی شەقامی سالم ئاگادار کراونەتەوە شوێنەکەیان جێبهێڵن و شەوی ڕابردووش سارەوانی سلێمانی دەستیگرت بەسەر چەند عەرەبانە و کەلوپەلێکی کاسبکاراندا.


PM:04:10:11/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 4132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت