دژە تیرۆر لەبارەی دەستگیرکردنی مێرمنداڵەکەوە رونکردنەوە دەدات


وێستگە نیوز-

وتەبێژی دژە تیرۆر ڕایگەیاند ئەو مێرمنداڵەی دەستگیرکراوە بە فەرمانی دادوەربووە و دەستگیرکراوەکە کەسایەتی دژەتیرۆری ساختەکردووە.

وته‌بێژی هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆر لە روونکردنەوەیەکدا ئەوەی خستەڕوو "له‌سه‌ر فه‌رمانی دادوه‌ری دادگای ئاسایشی سڵێمانی و به‌پَێی مادده‌ی 264 له‌ یاسای سزادانی عێراقی، تۆمه‌تبار (ه. م) له‌ كفری ده‌ستگیرکرا، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی ناوبراو كه‌سێتی واتایی ده‌زگای دژه‌ تیرۆری ساخته‌ كردووه‌".


لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "له‌ ڕێگه‌ی دروستكردنی ده‌یان ئه‌كاونت و په‌یج و ماڵپه‌ڕی ئه‌لیكترۆنی به‌ ناوی ده‌زگاكه‌مان و كارمه‌ندانی ماندونه‌ناسی دژه‌ تیرۆر، ناو و كه‌سێتی دژه‌ تیرۆری به‌كار هێناوه‌ و په‌یج و ماڵپه‌ڕه‌ ساخته‌كانی بۆ تێكدانی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی".

وته‌بێژی هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆر ئاماژەی بەوەشکردووە "تۆمه‌تبه‌ر (ه. م) له‌ كاتی ده‌ستگیركردن و ماوه‌ی مانه‌وه‌ی له‌ گرتوخانه‌ به‌پێی یاسا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كراوه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی رێكاره‌كانی مافی مرۆڤدا رێزی لێگیراوه‌، و خراوه‌ته‌ به‌رده‌م دادوه‌ری دادگای ئاسایشی سێمانی و هه‌ر به‌ فه‌رمانی دادوه‌ریش، چاوپێكه‌وتنی كه‌سوكاری بۆ رێكخراوه‌ و زیاتر له‌ یه‌ك کاتژمێر له‌گه‌ڵ كه‌سوكاری یه‌كتریان بینیووه‌".

دەقی ڕونکردنەوەکەی دژە تیرۆر

لەسەر فەرمانی دادوەری دادگای ئاسایشی سلێمانی و بەپێی مادەی ( 264 )  لە یاسای سزادانی عێراقی، تۆمەتبار (ه. م)، لە كفری دەستگیركرا، بە هۆی ئەوەی ناوبراو كەسێتی واتایی دەزگای دژە تیرۆری ساختە كردووە و لەڕێگەی دروستكردنی دەیان ئەكاونت و پەیج و ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی بە ناوی دەزگاكەمان و كارمەندانی ماندونەناسی دژە تیرۆر، ناو و كەسێتی دژە تیرۆری بەكارهێناوە و پەیج و ماڵپەڕە ساختەكانی بۆ تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی، شێواندنی پەیوەندیی خێزانی، و بڵاوكردنەوەی گومان و دڕدۆنگی لە دژی چەندین خێزان و بنەماڵە لە گەرمیان و ناوچەكانی تری كوردستان بەكارهێناوەو تەنانەت دەستی لە كەسوكاری ئەنفال و شەهیدانیش نەپاراستوە. هەروەها تۆمەتبار (ه. م) ئەو پەیج و ماڵپەڕانەی بەكار هێناوە بۆ هەڕەشەلێكردن و بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن و وەرگرتنی پارە، كە تێكڕای ئەو رەفتار و هەڵسوكەوتانە، پێچەوانەی یاسا و دژ بە ئاسایشی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانن و بەردەوامبوونیان رێگەپێنەدراوە.
تۆمەتبار (ه. م)، لە كاتی دەستگیركردن و ماوەی مانەوەی لە گرتوخانە، بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ كراوە، و لەچوارچێوەی رێكارەكانی مافی مرۆڤدا رێزی لێگیراوە و خراوەتە بەردەم دادوەری دادگای ئاسایشی سلێمانی و هەر بە فەرمانی دادوەری بەڕێزیش، چاوپێكەوتنی كەسوكاری بۆ رێكخراوە و زیاتر لە یەك كاژێر لەگەڵ كەسوكاری یەكتریان بینیوە و پاشان بەڕێزەوە، بەڕێكراون و ئێستاش بە پێی یاسا و بە فەرمانی دادوەر، بەشێوەی هەفتانە، مافی یەكتربینیان بۆ دەستەبەركراوە.

بەپێی ئەو وێنە و بەڵگانەی لەبەردەستن، و چەند وێنەیەكیش كە بڵاوكراونەتەوە، تۆمەتبارەكە نیشان دەدەن لە دەستی یاسادا كە ئەفسەر و كارمەندانی ئێمە دەیگوازنەوە بۆ دادگا، ئەمە رێكارێكی یاساییە. بەڵام ئەوەی نایاساییە، كەسوكاری تۆمەتبارەكە، پەلاماری لێكۆڵەر و پاسەوان و شۆفێرێكیان داوە و بەڵگەی تەواو لەمبارەیەوە، خراوەتە بەردەم دادگا و بۆ میدیاكاران و لایەنە پەیوەندارەكان بەردەستە.
سەرباری ئەو راستیانەی سەرەوە، بەداخەوە، كەناڵێكی ناڕاست و چەواشەكار، كە هەمووان دەزانن سەر بە چ كەس و تاقمێكن و مەرامیان چییە، لەرێی راپۆرتێكی چەواشەكارانەوە هەستاون بە هەڵگێڕانەوەی روداوەكان، شاردنەوەی راستییەكان لە رای گشتی، و كاریان كردوە بۆ ناوزڕاندنی كادر و كارمەندان و ناوی دەزگاكەمان.


لێرەوە پێیان رادەگەیەنین: كە ئەگەر بەم شێوازە نا میهەنی و لادەر و نەخوازراوە بەردەوامبن لە ناوزڕاندن، ئەوا سكاڵای یاساییان لەسەر تۆمار دەكەین و روبەڕوی دادگایان دەكەینەوە. داواش لە خەڵكی كوردستان دەكەین،وەك هەمیشە، بەهۆشیارییەوە، تەماشای روداوەكان بكەن.

 


PM:03:08:11/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 13440 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت