كۆسره‌ت ره‌سوڵ: كابینه‌ی ئه‌مجاره‌ی حكومه‌تی‌ هه‌رێم كابینه‌یه‌كی خزمه‌تگوزار بێ

‌كۆسره‌ت ره‌سول

وێستگه‌ نیوز –

جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ گرنگه‌ كابینه‌ی ئه‌مجاره‌ی حكومه‌تی‌ هه‌رێم كابینه‌یه‌كی خزمه‌تگوزار بێ و هه‌وڵی جددی بدا بۆ چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی و بنه‌ڕه‌تی كێشه‌و قه‌یرانه‌كان به‌تایبه‌ت مه‌سه‌له‌ی كۆتایهێنان به‌ پاشه‌كه‌وتكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران.

‎به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ نووسینگه‌كه‌ی‌، ‎پاش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 10ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 2018 كۆسره‌ت ڕه‌سول عه‌لی جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ شاری سلێمانی پێشوازیكرد له‌ مارتن وار كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان و نیك ئۆڵتن گه‌وره‌ راوێژكار له‌ باڵوێزخانه‌ی شانشینی به‌ریتانیا له‌ عیراق.

‎له‌ دیدارێكدا كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ عومه‌ر فه‌تاح و حاكم قادر حه‌مه‌جان كارگێڕانی مه‌كته‌بی سیاسی و لاهور تاڵه‌بانی و بافڵ تاڵه‌بانی ئاماده‌ی بوون، دوایین گۆڕانكارییه‌كانی ره‌وشی عیراق و كوردستان و هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق و هه‌رێمی كوردستان تاووتوێ كرا.

‎په‌یوه‌ست به‌ بارودۆخی عیراق و پرسی ته‌واوكردنی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت، جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ "یه‌كێتی به‌ ئیستحقاقی خۆی ده‌زانێ له‌م كابینه‌ نوێیه‌ پشكی هه‌بێ و به‌شدارێكی كارابێ له‌ پڕۆسه‌كه‌".

‎هه‌روه‌ك جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ "په‌یوه‌ندی نێوان نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌ عیراقی و كوردستانییه‌كان ئاسایی بكرێته‌وه‌ و هه‌موو هه‌وڵه‌كان به‌ ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و قه‌یرانه‌كان بێ".

‎پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان و گفتوگۆی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان ته‌وه‌رێكی تری گفتوگۆكان بوو، له‌مڕووه‌وه‌ هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی "پێویسته‌ له‌نزیكترین كاتدا هه‌نگاوه‌ كرده‌ییه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌ست پێبكا".

‎كۆسره‌ت ڕه‌سول عه‌لی به‌ وه‌فدی میوانی ڕاگه‌یاند كه‌ "به‌لای یه‌كێتییه‌وه‌ گرنگه‌ كابینه‌ی ئه‌مجاره‌ی حكومه‌ت كابینه‌یه‌كی خزمه‌تگوزار بێ و هه‌وڵی جدی بدا بۆ چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی و بنه‌ڕه‌تی كێشه‌و قه‌یرانه‌كان به‌تایبه‌ت مه‌سه‌له‌ ی كۆتایهێنان به‌ پاشه‌كه‌وتكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و بژێوی ژیانی هاوڵاتیان و بوژاندنه‌وه‌ی بازاڕ و پرسی پێشكه‌شكردنی باشترین خزمه‌تگوزاری به‌ هاووڵاتیان و ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی گونجاوی كاركردن بۆ هاووڵاتیان به‌بێ جیاوازی".



PM:06:38:10/12/2018










ئه‌م بابه‌ته 3416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو