به‌رپرسێكی موسڵ: ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌ پێویستی به‌ 50 ملیار دۆلاره‌

‌موسڵ دوای پرۆسەی رزگارکردنی لە دەستی داعش

وێستگه‌ نیوزـ

قایمقامی قەزای ناوەندی موسڵ مه‌زه‌نده‌ی كردوه‌ كه‌ پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌ی پێویستی به‌ 50 ملیار دۆلار بێت، نیگه‌رانیشی ده‌ربڕی له‌وه‌ی تائێستا حکومەتی ناوەندی قەرەبووی ھاوڵاتیانی نەکردوەتەوە.

زوھێر ئەعرەجی،  قایمقامی قەزای ناوەندی موسڵ به‌ ئاژانسی ئانادۆڵی  راگەیاند، تەنھا لە ناوەندی موسڵ پێویستییان بە هەزار و500 قوتابخانە ھەیە، 73 پردیش پێویستیان بە بنیادنانەوە ھەیە کە لەنێویاندا 5 پردە سەرەکییەکەی شارەکە ھەن.

وتیشی: "بەپێی توێژینەوەکانمان ھەموو کەرتەکانی پارێزگاکە پێویستی بە بڕە پارەیەکی دیاریکراو ھەیە، بەڵام ئەگەر ژێرخانێکی باشمان ھەبێت بەلانیکەمه‌وه‌ پێویستمان بە 50 ملیار دۆلار ھەیە بۆ ئەوەی ژیان بگەڕێتەوە، ئەگەر بمانەوێت پڕۆژەی گەورەتر بکەین ئەوا پێویستمان بە بڕە پارەی زیاتر دەبێت."

سه‌باره‌ت به‌ ئاواره‌كانی موسڵ ئەعرەجی وتی: 350 ھەزار کەس لە دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا ھێشتا لە کەمپەکاندا دەژیین و بەشێک لە خێزانەکان دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان بەتایبەت لە موسڵ و دوای چەند رۆژێکی دیکە جارێکی تر دەگەڕێنەوە بۆ نێو کەمپەکان.

قایمقامی موسڵ نیگه‌رانیی ده‌ربڕی و وتی: بەداخەوە حکومەتی ناوەندی تائێستا قەرەبووی ماددی ھاوڵاتیانی نەکردوەتەوە کە بە ھۆی ئەو زیانانەی لە خانووەکانیان کەوتووەتەوە ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، ئەوە جگە لەوەی قەرەبووی موڵک و ماڵ و سەرچاوەی داھاتیشی نەکردوونەتەوە و ئێمە پێویستمان بەھەڵوەستەیەکی جددی ھەیە بۆ کۆتایی پێھێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان".

زوھێر ئەعرەجی باسی له‌ جموجوڵی چه‌كدارانی داعش و دۆخی ئه‌منیی موسڵیش كردوه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ بارودۆخی ئه‌منی لە موسڵ زۆر جێگیر و بەرقەرارە، لێرە و لەوێ چەند پێشێلکارییەکی ئەمنی رویانداوە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە بارودۆخی ئەمنیی پارێزگاکە ناجێگیرە، ئەوە لە ھەموو پارێزگاکانی عیراق روودەدات و ھیچ مەترسییەک لەسەر موسڵ لە ئارادا نییە.


PM:06:21:10/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 1240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت