سێبەری ترەمپ لە شەقامەکانی فەرەنسا


وێستگە نیوز-

ڕاپۆرت؛ بەڵێن عزەت میکە

سەرەتا چەند سەد کەسێک بوون و داوای هەرزانکردنی بەنزینیان دەکرد، دواتر بوون بە چەند هەزار کەسێک و بڕیارە نوێکانی حکومەتیان رەتکردەوە کە تایبەت بوون بە زیادکردنی باجی سەر چەند کاڵایەک، بزوتنەوەی هێلەک زەردەکانیان لێ دروستبوو، خۆپیشاندانی سەد هەزار کەسییان بەڕێوەبرد، ئێستا داواکاریەکانیان فراوانتر بوون، داوای دەستلەکارکێشانەوەی ماکرۆن دەکەن، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت "ترەمپ لە پشت توندوتیژیەکانی پاریسەوەیە".

زیاتر لە سێ هەفتەیە فەرەنسیەکان بەردەوامن لە خۆپیشاندان، سەرەتا لە پاریسەوە دەستیان پێکرد و دواتر خۆپیشانداەکان بۆ چەندین شاری ئەو وڵاتە تەشەنەیانکرد، گرانی بەنزین یەکێک بوو لەو هۆکارە سەرەکیانەی کە فەرەنسیەکانی هێنایە سەر شەقام، بەگوێرەی ئامارەکان لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا نرخی بەنزین لە فەرەنسا %٢٣ زیادیکردووە، گرانبوونی بەنزین و سوتەمەنیەکان بەهۆی بڕیاری حکومەتەوە بووە کە تایبەتە بە زیادکردنی باج لەسەر ئەو کاڵایانەی کە زیانیان بۆ ژینگە هەیە، بەڵام چاودێران پێیان وایە پاڵنەری پشت بڕیارە نوێکانی ماکرۆن لاوازی ئابووری فەرەنسایە نەک پاراستنی ژینگە.

خۆپیشاندانەکان فراوان بوون، لە شەقامی شانزێ لیزێ بە دەیان هەزار کەس کۆبونەوە، دواجار توندوتیژی لەنێوان ئەوان و پۆلیسی وڵاتەکە دروستبوو.

ڕۆژی شەممە بزوتنەوەی هێلەک زەردەکان شەقامەکانی فەرەنسایان زەردپۆش کرد، پۆلیسی ئەو وڵاتە دەڵێت ١٢٣ هەزار کەس لە سەرتاسەری فەرەنسا بەشداری خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی شەممەیان کردووە.

بزوتنەوەی هێلەک زەردەکان کۆکراوەی ئەو سەندیکا و ڕێکخراوانەیە کە لە خۆپیشاندانەکاندا بەشداری دەکەن، لەسەرەتاوە هەندێک لە خۆپیشاندەران رەتیان دەکردەوە هیچ کەس و لایەنێک بە نوێنەری خۆیان بزانن، بەڵام ئێستا بزوتنەوەی هێلەک زەردەکان بوون بە خاوەنی خۆپیشاندانەکان و چەند کەسایەتیەکیش لە میدیاکانی ئەو وڵاتەوە بەناوی خۆپیشاندەرانەوە قسە دەکەن.

بەگوێرەی ئامارەکانی پۆلیسی فەرەنسا تەنها لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی شەممەدا ٧٢٣ کەس دەستگیرکراون و لەوانە ٢٢٠ کەسیان بە بە دەستبەسەری لای پۆلیس ماونەتەوە و ئەوانیتر ئازادکراون.

شەقامە بەناوبانگەکەی شازێ لیزێ ئەم چەند ڕۆژەی دوایی بووە مەیدانی توندوتیژی، چەندین دووکان زیانیان بەر کەوت و شەقامەکە بە تەواوی وەکو مەیدانێكی شەڕ دەر دەکەوت.

ئامارە فەرمیەکانی حکومەتی فەرەنسا ئاماژە بەوە دەکەن شوێنە بازرگانییە گەورەکان %١٥ و شوێنە بازرگانییە بچوکەکان %٤٠ی داهاتەکانیان کەمیکردووە، ئەوە لە کاتێکدایە ساڵانی ڕابردوو لەم کاتەدا شەقامەکانی فەرەنسا دەڕازێنرانەوە و بە سەدان هەزار گەشتیار بەبۆنەی سەری ساڵەوە ڕوویان لەو وڵاتە دەکرد.

ناوەڕستی مانگی پێشوو ترەمپ سەردانی فەرەنسای کرد، لە دیدارەکەیدا لەگەڵ ماکرۆن وا دەردەکەوت ئەو دوو هاوتایە ناکۆک بن، ترەمپ بە شێوەیەکی توند و ڕووبڕ قسەی دەکرد و ماکرۆنیش بەبێ سڵەمینەوە وەڵامی دەدایەوە، میدیا ئەمریکیەکایش بڵاویانکردەوە لە خۆپیشاندانەکانی فەرەنسادا دروشمی "ترەمپمان دەوێت" وتراوەتەوە، ئەوە تەنها قسەی میدیاکان نەبوو، وەزیری دەرەوەی فەرەنساش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "داوا لە ترەمپ دەکەین دەست وەرنەداتە کاروباری ناوخۆیی وڵاتەکەمان".

بەشێک لە چاودێران پێیان وایە لەپشت خۆپیشاندانە فراوان و ڕێکخراوەکانی فەرەنساوە دەستێکی ئەمریکی هەیە، ئاماژە بەوە دەکەن ترەمپ دەیەوێت جەنگی ئابووری دژی فەرەنسا ڕابگەیەنێت، بەڵام ئەوە هیچ لەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە کە نارەزایەتی ڕاستەقینە لە ناخی فەرەنسیەکاندا هەیە.

بڕیاربوو هەفتەی پێشوو سەرۆکی فەرەنسا لەگەڵ نوێنەری خۆپیشاندەراندا کۆببێتەوە بەڵام نوێنەری خۆپیشاندەران کۆبونەوەکەیان ڕەتکدەوە بە بیانووی ئەوەی لە ڕووی ئەمنیەوە پارێزراو نین.

ماکرۆن دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنێت، بۆیە بڕیاری زیادکردنی باجی سەر سوتەمەنی هەڵپەسارد، بەڵام هەڵپەساردنی بڕیارەکەش نارەزایەتی لێکەوتەوە و وەزیری دارایی فەرەنسا وتی "هەڵپەساردنی بڕیاری زیادکردنی باج، ئابووری فەرەنسا بەرەو داڕوخان دەبات".

ئێستا ماکرۆن دەبێت بڕیارە قورسەکە بدات، ئایا بە ڕەتکردنەوەی بڕیارەکەی کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان دەهێنێت و سێبەری ترەمپ بەسەر شەقامەکانی فەرەنساوە دەڕەوێنێتەوە، یان بڕیارەکەی جێبەجێ دەکات و ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبێتەوە و بڵاوەیان پێ دەکات؟

چاودێران پێیان وایە چەند ڕۆژی داهاتوو یەکێک لەو دوو ئەگەرە دەبنە واقع و نارەزایەتیەکانی فەرەنسا دەگەنە ئەنجامێک کە یەکلاییکەرەوە دەبێت.


PM:03:03:10/12/2018














ئه‌م بابه‌ته 4296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو