كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان نابێت

‌کێڵگەیەکی نەوت لە عیراق.. فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار

سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ بڕیاره‌كه‌ی ئۆپیك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی وڵاتانی رێكخراوه‌كه‌ی، كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم نابێت، چونكه‌ هه‌رێم وه‌ك ده‌وڵه‌ت نه‌وت نافرۆشێت.


رۆژی هەینی وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک و وڵاتانی بەرهەمهێنەر لەدەرەوەی رێکخراوەکە لەسەروویانەوە روسیا، رێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەبڕی ملیۆنێک و 200 هەزار بەرمیل رۆژانە وەک پاڵپشتییەک بۆ نرخی نەوت بەجۆرێک وڵاتانی ئەندام بڕی 800 هەزار بەرمیل و وڵاتانی دەرەوەی رێکخراوەکە 400 هەزار بەرمیل رۆژانە کەمکردنەوەکە دەگرنە ئەستۆ.

له‌و چوار چێوه‌یه‌دا عیراق رۆژانه‌ 139 هه‌زار به‌رمیل كه‌م ده‌كاته‌وه‌، سامر غەزبان وەزیری نەوتی عیراق، لە بەیاننامەیەکدا روونیکردووەتەوە "عیراق رۆڵێکی کاریگەری و ئەرێنی هەبوو لە گەیشتن بەو بڕیارە بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەندام لە رێکخراوەکە وەک سعوودیە و ئیمارات، هەروەها روسیاش رۆڵی ئەرێنی هەبوو لە گەیشتن بەو بڕیارە".

غەزبان ئاماژەی بەوەشکردووە کە "عیراق خواستی ئەوەی هەبوو کە بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ماوەی یەک ساڵ بێت، بەڵام وڵاتانی دەرەوەی ئەندام لە ئۆپێک داوایان کرد کە رێککەوتنەکە بۆ ماوەی شەش مانگ بێت".

وەزیری نەوتی عیراق راشیگەیاندووە، کە پشکی عیراق لەو کەمکردنەوەیە رۆژانە 139 هەزار بەرمیل دەبێت لە بری 220 هەزار بەرمیل کە ساڵی رابردوو پێوەی پابەندبوو.

سامر غەزبان ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو کەمکردنەوەیە لای ئەوان پەسەندە بەتایبەت نرخی بەرمیلێک نەوت لە پرۆژە یاسای بوودجەی ساڵی 2019 بە 56 دۆلار خەمڵێنراوە وێرای کورتهێنان بەڕێژەی 20 لەسەدا، هەربۆیە پێویستمان بە نرخی باشترە بە کرداری نەک بە پلان".

لای خۆیه‌وه‌ د. شێركۆ جه‌وده‌ت، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌ندامانی ئۆپیك و ده‌ره‌وه‌ی ئۆپیك ده‌ریان كردووه‌ هه‌رێمی كوردستان ناگرێته‌وه‌، چونكه‌ حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ك ده‌وڵه‌ت نه‌وت نافرۆشێت.

وتیشی: "ته‌نیا عیراق پابه‌ند ده‌بێت به‌ بڕیاره‌كه‌وه‌، چونكه‌ عیراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت نه‌وت ده‌فرۆشێت و پابه‌ند ده‌بێت به‌ بڕیاره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان".

عیراق لەدوای سعودیە بە دووەم وڵاتی گەورەی بەرهەمهێنەری نەوت لە ئۆپێک دادەنرێت کە ئاستی بەرهەمهێنانی دەگاتە چوار ملیۆن 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

بڕیارە رێککەوتنەکە سەرەتای ساڵی داهاتوو بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بۆ ماوەی شەش مانگ بەردەوام بێت.



AM:11:19:09/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 1580 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو