وێستگە نیوز زانیاری نوێ لەبارەی پڕۆژەکانی ئەنجامدانی گۆڕانکاری لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بڵاودەکاتەوە


وێستگە نیوز-

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند ئەو پرۆژەیەی کە ئاراستەی سەرکردایەتی گۆڕان کرابوو بۆ ئەنجامدانی گۆڕانیی ناوخۆیی "هیچ حسابی بۆ نەکراوە و پشتگوێخراوە" وتیشی دوای ئەو پرۆژەیە چەند هەوڵێکی تر هەبوون بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری بەڵام سەرجەمیان بێ ئەنجامبوون.

سەرچاوەیەکی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان کە ئاگاداری وردەکاری "پڕۆژەی هەستانەوە" و ناوەڕۆکەکەیەتی، بە وێستگە نیوزی ڕاگەیاند "ئەو پڕۆژەیەی کە ئامادەکرابوو پێشکەشی ڕێکخەری گشتیی کرا، بەڵام هیچ وەڵام نەدراینەوە و چەند جارێکیش دوای ئەوە هەوڵی ترمان دا و بە چەندین ڕێگا ئاگادارمان کردەوە لە پێویستی ئەو پڕۆژەیە بەڵام بێ وەڵام بوو".

ئەو سەرچاوەیە کە لەبەر هەستیاری بابەتەکە پێی باش نەبوو ناوی بڵاوبکرێتەوە وتیشی "زۆرێک لەوانەی پرۆژەکەیان ئامادەکردبوو بێهیوابوون و بۆیان ڕوون بوەتەوە کە سەرکردایەتی گۆڕان ئامادەی گۆڕانکاریی نییە".

وێستگە نیوز بۆ ئەوەی زانیاری زیاتری دەستبکەوێت لەبارەی ئەو پرسەوە پەیوەدنی بە چەند ئەندامێکی جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنەوەی گۆڕانەوە کرد، بەڵام کەسیان ئامادەنەبوون زانیاری لەوبارەیەوە بخەنەڕوو.

وێستگە نیوز زانیویەتی دوای ئەو پڕۆژەیەی کە ناونرابوو "هەستانەوەی گۆڕان" چەند پرۆژەیەکی تریش ئاراستەی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەکە کراون بەڵام سەرجەمیان ڕەتکراونەتەوە.

لەسەر هەمان پرس ئەندامێکی جڤاتی گشتیی بزوتنەوەکە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت وتی "زۆرێک لەوانەی لە پشت ئامادەکردنی پڕۆژەکانەوە بوون و دەیانوست گۆڕانکاریی ئەنجامبدەن ئێستا گۆڕانیان جێهێشتووە و وەکو هەڵسوڕاوی بزوتنەوەکە کار ناکەن".

ئەوە لە کاتێکدایە بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریداوە لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا کۆنفرانسی نیشتیمانیی ببەستێت و ئەمڕۆش عەبدولڕەزاق شەریف بە ئاژانسی ئەنادۆڵی ڕاگەیاندووە "لە کۆنفرانسەکەدا ڕێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان ناگۆڕدرێت".


ب.ع


PM:08:12:06/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 1860 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو