سه‌عدی پیره‌: پارتی ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ له‌ یه‌كێتی بكاته‌وه‌

‌سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

وێستگه‌ نیوز ـ
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت تۆڵە لە حزبەکەی بکاتەوە و لە بەغدا پێیان وتوون کە پارتی رێگرە لە پێدانی وەزارەت بە یەکێتی.


لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمریکا سەعدی پیرە وتی: "پارتی پۆستی وەزارەتە ماوەکانی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی بەپشکی خۆی نازانێت، بەڵکو موخالیفە بدرێتە یەکێتی، ئه‌م قسه‌یه‌یان له‌به‌غدا پێوتووین پارتی رێگره‌، ئیتر بۆی گرنگ نییە ئەو پۆستە بدرێتە گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ یا هەر لایەنێکی سیاسی تر ته‌نها یەکێتی نەبێت".

باسی لەوەشکردووە، بە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عیراقیان وتووە کە ناڕازین لەسەر ئەو بابەتە، ئەوانیش پێێان وایە دۆخێکی نادروست هەیە له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی، "عادل عەبدولمەهدی زۆر ملکەچە بۆ فه‌رمانی لایەنە سیاسیەکان چونکە خۆی لەناو پەرلەمان کەسی نییە و هیچ حزبێکی نییە، بووە بە گوریس کێشکانە لەنێوان لایەنە سیاسیەکاندا، هەر نەپچڕێت باشە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەڵوێستەی پارتی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە نەیانتوانی لەسەر یەک کاندیدی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق بگەنە رێککەوتن، بەڵام یەکێتی سورە لەسەر ئەوەی لە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی وەزارەتێکی هەبێت.

67 رۆژە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە و تا ئێستاش کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهاتووە، رۆژی 3ی ئەم مانگەش، پارتی  پارتی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی‌ سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی بۆ سەرۆکی حکومەت کاندیدکرد.

هــ. ر


AM:11:05:06/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 4624 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو