قوباد تاڵه‌بانی‌: ده‌رگام له‌هیچ پێشنیازێك دانه‌خستووه‌

‌قوباد تاڵه‌بانی‌، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان

وێستگه‌ نیوز-

قوباد تاڵه‌بانی‌ ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌و ده‌رگای‌ له‌هیچ پێشنیازێك دانه‌خستووه‌و هه‌ر كارێكیش له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان بێت و حزبه‌كه‌ی‌ پێی بسپێرێت جێبه‌جێی‌ ده‌كات.

قوباد تاڵه‌بانی‌، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌رباره‌ی‌ كاندیدكردنی‌ هه‌ریه‌ك له‌ مه‌سرور بارزانی‌ بۆ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و نێچیرڤان بارزانی‌ بۆ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌وێستگه‌ نیوز-ی‌ ڕاگه‌یاند: ئه‌و دوو بڕیاره‌ په‌یوه‌ندیی‌ به‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌ك چۆن یه‌كێتیش ئازاده‌ له‌ده‌ستنیشانكردنی‌ هه‌ر كاندیدێك بۆ هه‌ر پله‌ و پۆستێكی‌ حكومی‌.

قوباد تاڵه‌بانی‌ وتی: "به‌ شانازییه‌كی‌ گه‌وره‌وه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ خولی‌ پێنجه‌می‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بووم به‌سه‌رۆكی‌ لیستی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان و نوێنه‌رایه‌تی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ شه‌هیدان و چین و توێژه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ و لایه‌نگران و هه‌وادارانم  كردو زۆرترین ده‌نگی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانم به‌ده‌ستهێنا، ئێستاش هه‌ر به‌هه‌مان نه‌فه‌سه‌وه‌ ئاماده‌م بۆ هه‌ر كارێكی‌ تر كه‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان پێمبسپێرێت".

قوباد تاڵه‌بانی‌ وتی‌"ده‌رگام له‌هیچ پێشنیازێك دانه‌خستووه‌ به‌و مه‌رجه‌ی‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان و ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌مان بێت كه‌ متمانه‌یان پێبه‌خشین".

ئه‌م لێدوانه‌ی‌ قوباد تاڵه‌بانی‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان، ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌، تایبه‌ت به‌وێستگه‌ نیوز-ی‌ ڕاگه‌یاند قوباد تاڵه‌بانی‌ كه‌ وابڕیاره‌ پۆستێكی‌ باڵای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌ربگرێت، بڕیاریداوه‌ نابێته‌ جێگری‌ مه‌سرور بارزانی‌، كاندیدی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك وه‌زیران.

به‌ڵام قوباد تاڵه‌بانی‌ وتی‌"ده‌رگام له‌هیچ پێشنیازێك دانه‌خستووه‌، ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌ من چاوه‌ڕوانی‌ گفتوگۆكانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستانم له‌گه‌ڵ لایه‌نی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، یه‌كێتی‌ هه‌ر ئه‌رك و لێپرسراوێتییه‌كم پێبسپێردرێت من جێ‌ به‌جێی‌ ده‌كه‌م"

سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ نزیك له‌مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ ڕاشیگه‌یاند"به‌م پێوه‌رانه‌ بێت كه‌باسم كرد قوباد تاڵه‌بانی‌ به‌شداری‌ كابینه‌ی‌ نۆیه‌می‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ناكات، چونكه‌ ئه‌و پێیوایه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ نیچیرڤان بارزانی‌ پێشتر توانیویانه‌ كوردستان له‌قۆناغێكی‌ سه‌ختی‌ ئابوری‌ و ئه‌منی‌ و نێوده‌وڵه‌تی‌ بگوازنه‌وه‌ بۆ قۆناغێكی‌ نوێ و كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانی‌ ریفراندۆم به‌سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان لاببه‌ن".


PM:05:44:04/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 41132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو