مه‌ترسی له‌ سێداره‌دانی مێرمنداڵێکی کورد له‌ ئارادایه‌

‌میلاد عەزیمی

وێستگه‌ نیوز ـ
مێرمنداڵێکی کوردی خەڵکی کرماشان کە لە تەمەنی 16 ساڵان بە هۆی دەمەقاڵەیەکەوە لە یەکێک لە قوتابخانەکانی ئەو شارە، هاوپۆلییەکی خۆی کوشتبوو، تا چەند رۆژی دیکە لە سێدارە دەدرێت.


بەپێێ راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو و بە پشتبەستن بە رۆژنامەی (همدلی)، میلاد عەزیمی خەڵکی کرماشان پێنج ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی کوشتنی هاوپۆلییەکی دەستبەسەر و دواتر حوکمی سێدارە بەسەردا سەپاوە.

راشیگه‌یاندووه‌، میلاد عەزیمی، لەکاتی ئەنجامی تاوان تەنیا 16 ساڵ تەمەنی هەبووە وەک خۆی باسی کردووە بە هۆی ترس و گوشاری هێزە ئەمنییەکانەوە ئەو کوشتنەی له‌ ئەستۆ گرتووە و تا تەمەنی 18 ساڵان لە ناوەندی راگرتنی منداڵانی تاوانبار لە کرماشان راگیراوە و ئێستا لە بەندیخانەی دێزڵ ئاوای کرماشان راگیراوە و بڕیارە سزاکەی شه‌ش رۆژی دیکە بەڕێوە بچێت.

بنەماڵەی کوژراو رەزامەندییان نیشان داوە  له‌به‌رانبه‌ر وەرگرتنی بڕی 550 میلیۆن تمەن، ئەو لاوە ببەخشن و لەسێدارە نەدرێت، بەڵام بنەماڵەی میلاد بە هۆی دەستکورتی و هەژارییەوە و بە هاوکاری خێرخوازان تا ئێستا توانیویانە تەنیا 350 میلیۆن تمەن کۆ بکەنەوە.

فەریبا بەخشی دایکی میلاد، رایگەیاندووە "دار و نەدارمان فرۆشتووە ناوەندێکی خێرخوازیش 200 میلیۆن تمەنی بۆمان کۆ کردوەتەوە، بەو حاڵەش هێشتا بڕی 200 میلیۆن تمەنمان کەمە و داوای لە خێرخوازان کردووە کە هاوکارییان بکەن و نەهێڵن رۆڵەکەیان لەسێدارە بدرێت".

ئێران لەو وڵاتانەی جیهانە کە حوکمی سێدارەی مێرمنداڵان تیایدا جێبەجێ دەکرێت.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئێران پەیماننامەی مافەکانی منداڵانی واژۆ کردوە و بە روونی لەو پەیماننامەیەدا وتراوە کە نابێ حوکمی سیدارەی مێرمنداڵان بەڕێوە بچێت.

بەپێی ئامارەکان ئێران لەماوەی ساڵی 2017 دا لانیکەم پێنج مێرمنداڵ لەسێدارە داوە.

هــ. ر


AM:11:51:28/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 4988 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو