دوای دابڕان گەڕایەوە
وێستگه نیوزـ
کۆمەڵەی سۆفیا ئێوارە کۆڕێک بۆ کەژاڵ ئەحمەدی شاعیر سازدەکات و تیایدا ئەو خانمە شاعیرە چەپکێک لە شعرەکانی پێشکەشی ئامادەبوان دەکات. ئەوەش لەکاتێکدایە کە کەژاڵ ئەحمەد دوای 10 ساڵ لە غەریبی دەگەڕێتەوە و دەڵێت "قەڵەمەکانتان بشکێنن کەس وەک خۆم ڕۆمانی خەمم نانوسێ"،
لە ئێوارە کۆڕەکەدا کە لەلایەن گروپی سۆفیا-وە ڕێکخراوە، گروپی موزیکی کچانی مەحوی و گروپی سەمای لەیزین بە چالاکییە هونەریەکانیان بەشدار دەبن و ئێوارەکە جوانتر دەکەن، ئێوارە کۆرەکە ڕۆژی هەینی 30-11-2018 کاتژمێر 6ی ئێوارە لە سینەما سالمی سلێمانی سازدەکرێت و هاتن بۆ هەموانە.
کەژاڵ لە ئێوارەیەکی کۆتایی پایزدا، سلێمانی پڕ دەکات لە بەرامەی شعرە نارنجییەکانی و لەگەڵ غەمگینیی ئێوارەیەکی سارددا بە "زمانی باڵندە" باسی غەریبی دەکات و چیرۆکی ژنێک دەگێڕێتەوە کە خۆری شعرەکانی تا ئەوسەری دنیای ڕوناک کردوەتەوە، سلێمانی بە سەماوە پێشوازی لە کەژاڵ دەکات و کچانی سۆفیا بادەی شعرەکانی کەژاڵ بەسەر خومارەکانی ئەدەبدا دەگێڕن و بەدەم گوێگرتن لە تارەکەی کچانی مەحویەوە وەنەوزێک دەبەخشنە دڵە شەکەتەکانی شار.
كهژاڵ ئهحمهد لە نزیک ئاگرەکەی بابە گوڕگوڕ لەدایک بووە و بە تەنیشت گۆیژەوە منداڵیی تێپەڕاندووە، هەگبەی ئەو خانمە ئەدیبە حەوت کتێبی تێدایە و بەرهەمەکانی بە زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکی و ئینگلیزی و نەوریژی دەخوێنرێنەوە.
ئەو خانمە سەرەتا بە شعر دەستیپێکرد و لەوێوە تێکەڵی کاری راگەیاندن بوو، ئێستا ئەو دەیەوێت تەنها شاعیر بێت و دەڵێت تەنانەت بە باسکردنی ڕاگەیاندنیش ئازار دەجێژێت، كهژاڵ یەکەم خانمە پەیامنێر بووه کە دەچێتە بەرەکانی شەڕ و لەوێ کاری ڕۆژنامەوانیی دەکات و دەڵێت: "دەبێت خانمانیش بەشداربن، دەبێت لە نزیکەوە شەڕەکان ببینم بۆ ئەوەی بزانم لەبارەیانەوە بنوسم".
کەژاڵ وەک شاعیرێک کە بە تەنگ خەمی ژنانەوەیە دەڵێت نشتیمانی کوڕێکی قسەخۆشە و وەسیەت دەکات بۆ کچان و پێیان دەڵێت فریوی مەخۆن، ئەو ئێستا گەڕاوەتەوە نشتیمان بەلام دڵنیایە لەوەی جارێکی تر فریوی ئەو کوڕە قسەخۆشە ناخوات کە نیشتیمانە.
PM:07:49:27/11/2018
ئهم بابهته 14488
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت