لە رێگەی راهێنانەوە مامۆستایانی ئاینی ئاشنادەکرێن بە پێکەوەژیان
دیمەنی یەکێک لە خولەکان
وێستگه نیوز ـ خومار عه‌بدولباقی
به‌ره‌به‌یانی رۆژی 23ی ته‌مموزی 2018، سێ مێردمناڵ هه‌ڵده‌كوتنه سه‌ر بینای پارێزگای هه‌ولێر و ته‌قه له ژماره‌یه‌ك پۆلیس و كارمه‌ندی نێو فه‌رمانگه‌كه ده‌كه‌ن و به‌وهۆیه‌وه كارمه‌ندێكی كریستیان كه پیشه‌ی چایچی بووه گیانی له‌ده‌ستدا.
به‌پێی هه‌ندێك له گێڕانه‌وه‌كان و لێدوانی هه‌ندێک له به‌رپرسه ئه‌منییه‌كان، پاڵنه‌ری ئه‌م هێرشه‌ی سێ مێردمنداڵه‌كه، ئه‌وه بووه مامۆستای مزگه‌وته‌كه‌یان كه گوێیان بۆ وتارەکانی رادەگرت و له‌لای نوێژیان ده‌كرد و وانه‌ی ئاینییان ده‌خوێند، مه‌لا ئیسماعیل سوسه‌یی بووه، كه‌له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییەكانه‌وه ده‌ستبەسەر كراوه‌و دواتر ده‌زگای پاراستن و ئاسایشی هه‌رێم له دانپێدانانێكی ڤیدیۆییدا بڵاویان كرده‌وه كه مه‌لای ناوبراو په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ رێكخراوی داعشدا هه‌بووە.
مه‌لا ئیسماعیل سوسه‌یی، به وتاره توند و ئاگرینه‌كانی ناسراو بووە، یه‌كێك له‌و مه‌لایانه بووە كه به‌شێوه‌یه‌كی توند له‌سه‌ر پرسه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینیه‌كان قسه‌ی کردووە و وتاری داوە.
به‌رای زۆرێک له چاودێران ئه‌م جۆرە وتارە توندانە به‌رهه‌مهێنانی توندڕه‌ویی بەدوادا دێت و پێشتریش ئەم حاڵەتە له‌ناو مامۆستا ئاینیەکانی كوردستان حاڵه‌تێكی نامۆ نه‌بووه، لە بەر ئەم هۆکارە لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كه وه‌زاره‌تی ئه‌وقافه، ناچار بوە هەنگاوی پێویست بگرێتەبەر، یه‌كێك له‌و هه‌نگاوانه‌ش ئه‌نجامدانی خولی راهێنانه بۆ مه‌لاكان به‌مه‌به‌ستی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندڕه‌ویی و بره‌ودان به ئاشته‌وایی و پێكه‌وه‌ژیان.
له كوردستان له پاڵ ئیسلامدا كه ئایینی زۆرینه‌ی ره‌های دانیشتوانه‌كه‌یه‌تی، ئایین و بیروباوه‌ڕی دیكه‌ش بوونی هه‌یه كه ریزبه‌ندیه‌كه‌یان به‌مشێوه‌یه‌یه: (ئێزدی، مه‌سیحی، كاكه‌یی، زه‌رده‌شتی، سابیئه، بەهایی و جو)، هاوكات له‌پاڵ كوردیشدا، نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی وه‌كو: عه‌ره‌ب، توركمان، مه‌سیحیه‌كان (كلدان و ئاشور و ئه‌رمه‌نی و ...) ده‌ژین.
ئه‌م فره‌یی و هه‌مه‌چه‌شنەییه، واده‌كات كه مه‌ترسی ئه‌وه بێته ئاراوه كه هه‌ندێكجار گوتاری توند جۆرێك له ئاژاوه و پێكدادانی پێكهاته‌یی دروست بكات، وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف باش ئاگاداری ئەم مه‌ترسییه بوە، هەربۆیە لە هەوڵی ئەوەدایە سنورێك بۆ ئه‌و وتار و وتاربێژانە دابنێت كه توندڕه‌ویی به‌رهه‌م ده‌هێنن.
شێخ ئیبراهیم شێخ محه‌مه‌د به‌رزنجی، به‌ڕێوەبه‌ری گشتی ئیرشاد و توێژینه‌وه له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی هه‌رێم، وتی: "بۆ به‌هێزكردنی پێكه‌وه‌ژیان و رێگه‌گرتن له توندڕه‌ویی، ماوه‌ی سێ ساڵه ده‌ستمان كردووه به كردنه‌وه‌ی خول و دەورە بۆ مامۆستایانی ئاینی، به‌و ئاقاره‌ی گوتاره‌كانیان دور بن له‌هه‌ر توندوتیژییه‌ك".
له‌ماوه‌ی ئه‌م سێ ساڵه‌دا، چوار خولی فراوانی درێژخایه‌ن بۆ مامۆستایانی ئاینی كراوه‌ته‌وه و تێكڕا سێ هه‌زار مامۆستای ئاینیی به‌شدارییان كردوه به پاڵپشتی دوو رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی، هەروەها بۆ گەیشتن بەم مەبەستە وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف به‌رده‌وامە له كردنه‌وه‌ی خولی دیكه‌ی راهێنان، ناوه‌ڕۆكی خوله‌كانیش بریتییه له، وتنه‌وه‌ی بابه‌ت له باره‌ی چیه‌تی ئایین و بیروباوه‌ڕه‌كانی دیكه، هه‌روه‌ها بنه‌ماكانی پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه‌ی پێكهاته‌كان، جگه له زانایانی ئاینی ئیسلام، پیاوانی ئایینی له ئایین و بیروباوه‌ڕه‌كانی‌تریش به‌شدارییان پێكراوه.
شێخ ئیبراهیم شێخ محه‌مه‌د به‌رزنجی، به خۆشحاڵیه‌وه باسی له "سه‌ركه‌وتنی" پرۆژه‌كه‌یان ده‌كرد، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه توانیویانه به ئاستێكی باش په‌ره به گوتاری قبوڵكردنی یه‌كتری بده‌ن "له‌م خول و سیمینارانه دا پرسی پێكه‌وه ژیانی پێكهاته‌كان به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی باشی به‌خۆیه‌وه بینیوه و ئاكامێكی باش و دڵخۆشكه‌ری هه‌بووه".
به‌پێی ئاماری وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف، له هه‌رێمی كوردستان دا پێنج هه‌زار و 538 مزگه‌وت، 109 حوجره، 121 كه‌نیسه، 400 شوێنه‌واری پیرۆزی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان بوونی هه‌یه.
به‌ڕێوه‌به‌ری پێكه‌وه ژیانی ئایینیه‌كان له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی، باس له‌وه ده‌كات پاش زنجیره‌یه‌ك له گوتاری ئاینی توند، هه‌ندێك رێكاریان گرتوه‌ته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی گوتاره‌كان به ئاراسته‌ی دروستكردنی ناكۆكی و پشێویی نه‌بێت له نێوان پێكهاته‌كان، به‌ڵكو ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی بپارێزن.
ئه‌میر عوسمان، وتی: "له دوای كۆنفرانسی 2016 كه وه‌زاره‌تمان ئه‌نجامی دا بۆ قسه‌كردن له سەر ئاشته‌وایی نێوان پێكهاته ئاینییه‌كان به به‌شداری نوێنه‌رانی هه‌مویان، چه‌ند بڕیارێكی گرنگ درا، له‌وانه: رێزگرتن له ئایینه جیاوازیه‌كان، پاراستنی مافی ئازادیی بیروڕا و په‌رستش، و لە کۆتایی دارێگه‌نه‌دان به ناوزڕاندن و سوكایه‌تی به پێكهاته جیاوازه‌كان".
ئه‌م رێكارانه و له پاڵیشیدا كردنه‌وه‌ی خولی راهێنان بۆ پته‌وكردنی پێكه‌وه‌ژیان بۆ مامۆستایانی ئاینی، به‌وته‌ی به‌ڕێوبه‌ری گشتی ئیرشاد و توێژینه‌وه، تاڕاده‌یه‌كی زۆر ئامانجی خۆیان پێكاوه.
شێخ ئیبراهیم به‌رزنجی، ئه‌گه‌رچی هیچ داتا و پێوانه‌یه‌كی له باره‌ی ئه‌و "ئامانج پێكانانه" نه‌خسته رو، به‌ڵام ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه به‌پێی به‌دواداچونه‌كانیان، ئاستی گوتاری ئاینی كه هێرش بكاته سه‌ر پێكهاته‌كان، به‌ڕاده‌یه‌كی به‌رچاو كه‌می كردوه.
ئیبراهیم ده‌روێش عه‌لی كه ماموستایه‌كی ئاینییه، وتی: "ئه‌م جۆره خول و كۆنفرانسانه كاریگه‌ری ئه‌رێنی هه‌یه له‌سه‌ر مامۆستایانی به‌شداربوو، به‌گشتی مامۆستا ئاینییەكان به شێوازێكی سه‌رده‌میانه و میانڕه‌وانه كه دور بن له هزری توندوتیژی، راده‌هێنرێن".
"ئه‌م خولانه پردێك بوه بۆ یه‌كترناسینی ئاینه‌كانی دیكه و توانیمانه له‌م رێگه‌وه له بنه‌ماكانی ئایین و بیروباوه‌ڕه‌كانی دیكه تێبگه‌ین و قبوڵی بكه‌ین"، سه‌ید ئوسامه به‌رزنجی، یه‌كێكیتر له مامۆستا ئاینی بەشداربوە لەخولەکانی وەزارەتی ئەوقاف وادەڵێت.
ئاماژەشی بەوەدا لەخولەکاندا ڕاگۆڕینەوەی باش لە نێوان پەیرەوکارانی بیروڕا و ئایینیەکان هاتۆتە ئاراوە، هەربۆیە پێ باش بوو خولی لەم شێوەیە بەردەوام بێت "بۆ ئه‌وه‌ی مامۆستایانی ئاینی گفتوگۆ له‌باره‌ی بیروباوه‌ڕه‌كانیانه‌وه بكه‌ن و را بگۆڕنه‌وه".
* ئەم راپۆرتە یەکێکە لە بەرهەمەکانی پرۆژەی "تصالح" کە لەلایەن هەردو رێکخراوی (CFI) و (MICT) لە رێگەی (ئەکادیمیای راگەیاندنی ئەڵمانی لە عێراق) بۆ رۆژنامەنوسانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٨ ئەنجامیان داوە.
هــ. ر
PM:07:17:27/11/2018
ئه‌م بابه‌ته 2712
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت