بارزانی‌: بردنه‌وه‌ی پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان ده‌ستی پارتی كراوه‌ ده‌كات


وێستگه‌ نیوز –
سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ بردنه‌وه‌ی پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان ده‌ستی پارتی كراوه‌ ده‌كات له‌وه‌ی كار بۆ كوردستانێكی به‌هێز و گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تی بكات، چه‌ندین داواكاریشی‌ ئاڕاسته‌ كردن.

میدیاكانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 21ـی 11ـی 2018، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی‌ پارتی‌ له‌ سه‌ڵاحه‌دین له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ خولی پێنجه‌می پارله‌مانی كوردستان كۆبۆوه‌.

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بارزانی وته‌یه‌كی پێشكه‌شی ئاماده‌بووان كرد و تێیدا ڕۆشنایی خسته‌ سه‌ر دوایین پێشهاته‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و عیراق و ریفراندۆم و رووداوه‌كانی دوای ریفراندۆم و هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و پارله‌مانی كوردستان و رایگه‌یاند كه‌ "بایه‌خی بردنه‌وه‌ی پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق له‌وه‌دا بوو كه‌ سه‌نگ و پێگه‌ی پارتی له‌ناو كوردستان و عیراق پیشانی هه‌موو لایه‌ك دا و سه‌رباری بوونی كێشه‌ و گرفتی زۆر و ئابڵوقه‌ و ڕووداوه‌كانی مانگی ئۆكتۆبه‌ری 2017، به‌ڵام پارتی توانی ببێته‌ حزبی یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاستی عیراق".

بارزانی‌ وتی‌: "ئه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ بوو بۆ پارتی"، هۆكاری ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی بۆ "هه‌ڵوێسته‌كانی پارتی و وه‌فای گه‌لی كوردستان به‌رانبه‌ر پارتی دیموكراتی كوردستان گه‌ڕانده‌وه‌".

له‌ درێژه‌ی وته‌كانیدا بارزانی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ "بردنه‌وه‌ی پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان ده‌ستی پارتی كراوه‌ ده‌كات له‌وه‌ی كار بۆ كوردستانێكی به‌هێز و گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تی بكات".

سوپاسی گه‌لی كوردستانیشی كرد كه‌ "دووباره‌ متمانه‌ی به‌ پارتی به‌خشییه‌وه‌" و به‌ پێویستیشی زانی كه‌ "پارتی و ئه‌ندامانی فڕاكسیۆنی پارتی له‌ پارله‌مانی كوردستان له‌ ئاست متمانه‌ی خه‌ڵك بن و وه‌ڵامی وه‌فا و متمانه‌ی خه‌ڵك به‌ خزمه‌تكردنی گه‌لی كوردستان بده‌نه‌وه‌".

داوایشی كرد كه‌ داواكاریی خه‌ڵك به‌ هه‌ند وه‌ربگیرێت و له‌ ئێش و ئازاری خه‌ڵك بگه‌ن و ئه‌ندام پارله‌مانه‌كانی پارتی خۆیان له‌ هه‌ر جۆره‌ موزایه‌ده‌كردنێك به‌ دوور بگرن و له‌و په‌ڕی ته‌وازوعه‌وه‌ ئامانجی سه‌ره‌كیان كاركردن بێت بۆ چاره‌كردنی گرفته‌كانی خه‌ڵك.

له‌باره‌ی بارودۆخی سیاسیی عیراق و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی به‌غدا، سه‌رۆكی‌ پارتی‌ هیوای خواست كه‌ نیازپاكیی ته‌واو هه‌بێت له‌ پڕۆسه‌ی سیاسیی عیراق له‌مه‌ڕ پابه‌ندبوون به‌ هه‌ر سێ پڕه‌نسیپی شه‌راكه‌ت له‌ حوكمڕانی و ته‌وافوق له‌ یاسادانان و ته‌وازون له‌ داموده‌زگه‌ی حكومی.

 له‌باره‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمیش بارزانی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌و بارودۆخه‌ و سه‌پاندنی ئه‌و واقیعه‌ سه‌ربازییه‌ی ئێستا له‌و ناوچانه‌ هه‌یه‌ پێویسته‌ كۆتایی بێت و به‌رده‌وامبوونی قابیلی قبوڵ نییه‌".

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا له‌باره‌ی چۆنیه‌تیی كاركردنی فڕاكسیۆنی پارتی و هێڵه‌ گشتییه‌كانی سیاسه‌تی پارتی له‌باره‌ی حكومه‌تی ئایینده‌ و پڕۆسه‌ی سیاسی، بارزانی ئامۆژگاری و به‌رچاوڕوونیی پێویستی بۆ ئاماده‌بوانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ خسته‌ڕوو.


PM:05:00:21/11/2018








ئه‌م بابه‌ته 1732 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو