په‌رله‌مانی‌ عیراق كاركردن به‌ ژماره‌یه‌ك بڕیاری‌ عه‌بادی‌ راگرت

‌حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ پێشووی‌ عیراق

وێستگه‌ نیوز –
ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق بڕیاری‌ دا كاركردن به‌ هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ی‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ پێشووی‌ عیراق له‌ ماوه‌ی‌ 1ی‌ ته‌مموز تا 24ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌م ده‌ریكردوون، هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌.

رێبوار ته‌ها ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق له‌سه‌ر لیستی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ "پاش هه‌وڵه‌كانمان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاره‌ نادرووسته‌كانی حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ری عیراق، خۆشبه‌ختانه‌ توانیمان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقه‌وه‌ كاركردن به‌ هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ رابگرین كه‌ له‌ به‌رواری 2018/7/1 تا 2018/10/24 ده‌رچوون".

رێبوار ته‌ها ده‌ڵێت: "له‌ نێویشیاندا بڕیاری دانانی خاڵه‌ گومرگییه‌كانی نێوان كه‌ركوك و شاره‌كانی هه‌رێمه‌".

وتیشی‌: "بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش جه‌خت له‌ حكومه‌تی عیراق ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م بڕیاره‌".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ كورده‌ راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی شاره‌كه‌مان ده‌كه‌م و به‌ڵێنیش دووپات ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ هه‌میشه‌ پارێزه‌ری مافه‌ ره‌واكانیان ده‌بم".

له‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراقدا هاتووه‌ "به‌له‌به‌رچاوگرتنی‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیران و حكومه‌تی‌ پێشوو له‌ ماوه‌ی‌ كۆتاییهاتنی‌ خولی‌ په‌رله‌مانی‌ سێیه‌م و نه‌بوونی‌ رۆڵی‌ یاسادانان و چاودێری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران، ژماره‌یه‌ك بڕیاری‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ماده‌كانی‌ (24،61، 80)ی‌ ده‌ستووری‌ ده‌ركردووه‌، ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بڕیاری‌ دا كاركردن به‌و بڕیارانه‌ی‌ له‌ ماوه‌ی‌ 1ی‌ ته‌مموزی‌ 2018 تا 24ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2018 ده‌ریكردوون رابگرێت و پێویسته‌ سه‌رۆك وه‌زیران و ئه‌ندامانی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌و بڕیارانه‌دا بكه‌ن و به‌گوێره‌ی‌ حوكمی‌ ده‌ستوور و یاسا به‌ركاره‌كان رێوشوێنی‌ پێویست ده‌رباره‌یان بگرنه‌به‌ر".
 


PM:04:14:21/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 2180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو