"ئەگەر دوو جێگر بۆ سەرۆکی حکومەت دابنرێت یەکێتی هیچیان وەرناگرێت"


وێستگە نیوز-

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی ڕایگەیاند هێشتا زۆر زووە بۆ پێکهێنانی حکومەت و گفتوگۆکان لە ئاستی زۆر سەرەتاییدان و ڕونیشێکردەوە پێدەچێت لە ئەگەری ئەوەدا کە دوو جێگر بۆ سەرۆکی حکومەت دابنرێت یەکێتی لەو پۆستە بکشێتەوە.

مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان بە وێستگە نیوزی ڕاگەیاند "هێشتا زووە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم، چوونکە گفتوگۆکان سەرەتایین و دانوستانی جدیی دەستیپێنەکردووە".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی وتیشی "ئەگەرچی هێشتا بە جدی باس لەوە نەکراوە، بەڵام ئەگەر دوو جێگر بۆ سەرۆکی حکومەت دابنرێت پێدەچێت یەکێتی لەو پۆستە بکشێتەوە و بە پۆستی وەزاریی تر قەرەبوو بکرێتەوە".

ناوبراو جەختیکردەوە "ئەوەی لای ئێمە گرنگە ئەوەیە خزمەتی خەڵک بکرێت، ئیتر بە دوو جێگر بێت یان ئەسڵەن جێگری نەبێت".

مستەفا چاوڕەش ئامادە نەبوو زانیاری زیاتر لەبارەی دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتەوە بدرکێنێت و وتی "من لەو لیژنەیە نیم کە ئەو پرسانە تاوتوێ دەکەن و هێشتا زووە بۆ ئەوەی بۆچوونی کۆتایی خۆمان بڵێین".


پێشتر وێستگە نیوز لە بەدواداچوونێكدا ئەوەی زانیبوو کە بزوتنەوەی گۆڕان داوای کردووە دوو جێگر بۆ سەرۆکی حکومەت دابنرێت و یەکێکیان بدرێت بەو، هەرچەندە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو پێشنیارەی ڕەتنەکردوەتەوە، بەڵام یەکێتی دژی ئەوەیە و دەیەوێت یەک جێگری هەبێت و ئەویش لە یەکێتی بێت.

هەر ئەمڕۆش ئەندامێکی مەکتەب سیاسی بەرەی تورکمانیی بە وێستگە نیوزی ڕاگەیاند داوایان کردووە دوو جێگر بۆ سەرۆکی حکومەت دابنرێت و یەکێکیان بدرێتە لایەنی تورکمانی و بۆ ئەو مەبەستەش هەفتەی داهاتوو لەگەڵ پارتی کۆدەبنەوە.

ب.ع


AM:11:54:21/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 3644 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت