لە یەمەن بەهۆی بەدخۆراکییەوە 85 هەزار منداڵ گیانیانلەدەستداوە

‌خراپی دۆخی منداڵانی یەمەن بەهۆی شەڕ و پێکدادانەوە لەو وڵاتەدا

وێستگه‌ نیوز ـ
رێکخراوێکی خێرخوازی رایگەیاند، ئەگەری هەیە نزیکەی 85 هەزار منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵ لە یەمەن لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا بەهۆی بەدخۆراکی توندەوە گیانیانلەدەستدابێت.


رێکخراوی "منداڵان رزگار بکەن" کە بنکەکەی لە بەریتانیایە لە راپۆرتێکیدا باسلەوەدەکات، ئەو ژمارەیە یەکسانە بە ژمارەی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ لە شاری بێرمینگهامی بەریتانیا کە دووەم گەورەترین شاری ئەو وڵاتەیە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو منداڵانەی کە تووشی بەدخۆراکی توند بوون، نەتوانروە چارەسەریان پێبگەیەندرێت.

بەپێی راپۆرتەکە، لەماوەی نێوان نیسانی 2015 بۆ تشرینی یەکەمی 2018، 84 هەزار و 700 منداڵ لە یەمەن بەهۆی بەدخۆراکیی توندەوە گیانیانلەدەستداوە.

ئەوەش هاتووە، بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و دابەزینی بەهای دراوی یەمەنی بەهۆی شەڕی ناوخۆوە، مەترسی زیاتری بۆ سەر ئاسایشی خۆراکی دروستکردووە.

رێکخراوه‌ بەریتانییەکە لۆمه‌ی ئەو گەمارۆیە دەکات کە خراوەتە سەر یەمەن و وایکردووە کە هاوڵاتی زیاتری ئەو وڵاتە رووبەڕووی قاتوقڕی ببنەوە، بەتایبەت لە ئێستادا کە شەڕی توند لە بەندەری حەدیدە بەردەوامە، کە پێشتر نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گواستنەوەی هاوکاری مرۆیی بەکاریدەهێنا.

باسلەوەشدەکات، بەندەرەکە کە لە ئێستادا لەژێر دەسەڵاتی حوسییەکاندایە سەرچاوەی سەرەکی هاوردەکردنی 90%ی خۆراکی مەوادی خۆراکییە بۆ یەمەن، بەڵام ئێستا هاوردەی کەلوپەلی بازرگانی لە رێی ئەو بەندەرەوە مانگانە بە بڕی 55 هەزار تەن کەمیکردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە مانگی پێشوو نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا کە نزیکەی 14 ملیۆن هاوڵاتی یەمەنی رووبەڕووی قاتوقڕی و لەبرسامردن دەبنەوە.

هــ. ر


AM:09:07:21/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 1372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو