وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێکی له‌باره‌ی چەمچەماڵه‌وه‌ دەرکرد


وێستگه‌ نیوز ـ
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیاری دا بە لێکترازاندنی ژمارەیەک فەرمانگە لە پەیکەری رێکخستنی ئیدارەی گەرمیان و بەستنەوەیان بە پەیکەری رێکخستنی بەڕێوەبەرایەتیەکانی سلێمانی.


لە نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا کە بە ژمارە 17574 لە 18ی تشرینی دووه‌می 2018، دەرچووە و وێنەیەکی دەست وێستگه‌ نیوز کەوتووە، تیایدا ھاتووە: "بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە لە ھەردوو مادەی 3 بڕگەی یەک و مادەی 4 بڕگەی دوو لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە 6ی ساڵی 2009 و لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و ئاسانکاری بۆ ھاووڵاتییان، بڕیارمان دا بە لێکترازاندنی فەرمانگەی ڕەگەزنامە، باری شارستانی چەمچەماڵ، ئاغجەلەر، سەنگاو و قادر کەرەم لە پەیکەری رێکخستنی ئیدارەی گەرمیان و بەستنەوەی بە پەیکەری رێکخستنی بەڕێوەبەرایەتیی ڕەگەزنامە و باری شارستانیی سلێمانی/1 لە پەیکەری رێکخستنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رەگەزنامەی ھەرێمی کوردستان".

هه‌روه‌ك بڕیاریش دراوە بە "لێکترازاندنی بنکەی پۆلیسی کارەبای چەمچەماڵ لە پەیکەری رێکخستنی ئیدارەی گەرمیان و بەستنەوەی بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کارەبای سلێمانی لە پەیکەری رێکخستنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیس"، لە نووسراوەکەدا جەخت لەوەش کراوەتەوە کە فەرمانەکە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت.

پێشتر قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ بە نووسراوی ژمارە 34 لە 30ی تشرینی یه‌كه‌می 2018، داوای لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە، بە مەبەستی کارئاسانی و ھاوکاریکردنی ھاوڵاتییانی سنووری قەزای چەمچەماڵ و دووریی رێگای نێوان چەمچەماڵ - کەلار و کەمدەرامەتی ھاوڵاتییانی سنوورەکە، رەزامەندی نیشان بدات بە گواستنەوەی فەرمانگەی رەگەزنامە، باری شارستانی چەمچەماڵ، ئاغجەلەر، سەنگاو و قادرکەرەم بۆ سەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامە و باری شارستانیی سلێمانی/1.

هــ. ر


PM:02:57:19/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 4836 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو