له ههولێر برایهك بەتۆمەتی کوشتنی خوشکەکەی دهستگیركراوه
شەیما کچە کوژراوەکە
وێستگه نیوز ـ ههستیار
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، بە تۆمەتی کوشتنی خوشکەکەی کەسێکیان دەستگیرکردووە و تۆمەتبارەکەش دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئهمڕۆ دووشهممه 19ی تشرینی دووهمی 2018، بە وێستگه نیوزی راگهیاند: لە دوو رۆژی رابردوودا هێزەکانیان کەسێکیان دەستگیر کردووە کە 30ی تشرینی یەکەمی رابردوو و لەناو ماڵەکەی خۆیاندا لە گەڕەکی رۆشنبیران شاری هەولێر، خوشکێکی تەمەن 17 ساڵی بەناوی شەیما کوشتووە.
هۆگر عهزیز ئهوهشی وت: "پێشتر کەسوکاری ئەو کچە رایانگەیاندووە، ناوبراو خۆی کوشتووە، بەڵام لە لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسدا دەرکەوتووە کە لەلایەن براکەیەوە کوژراوە".
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر راشیگەیاند، ئەو کچە خوێندکاری دواناوەندی بووە و هۆکاری کوشتنەکەشی بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە.
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەشڵێت: "یەكێك لە براكانی كچەكە بەناوی (م) كە تەمەنی 20 ساڵە، دەستگیركراوە و دانی بەوەدا ناوە كە خوشكەكەی بە چەكی كڵاشینكۆف كوشتووە، حەوت گوللەی پێوەناوە، چونكە دەڵێت شەیما چووەتە دەرەوە و دوو رۆژ نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە، بۆیە كوشتوویەتی".
پێشتر کوردە عومەر، بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان رایگەیاندبوو، لە ماوەی 10 مانگی رابردووی ئەمساڵدا 37 ژن بە ھۆکاری جیاواز لە ھەرێمی کوردستان کوژراون کە بەراورد بە 10 مانگی سەرەتای ساڵی 2017، رێژەی کوشتنی ژنان لە هەرێم کەمیکردووە.
PM:02:38:19/11/2018
ئهم بابهته 8656
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت