مامۆستایەکی‌ ئایینی‌ داوای‌ گۆڕینی‌ کاتی‌ نوێژی‌ بەیانی دەکات

‌مزگەوتى حسێن لە میسر.. فۆتۆ گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
دادگای دادوەری میسر داوایەکی بۆ گۆڕینی کاتی نوێژی بەیانی بۆ هه‌شتی مانگی داھاتوو دواخست کە لە لایەن وتاربێژ و پێش نوێژی مزگەوتێکی ئەو وڵاتەوە بەرز کرابوەوە.


دەستەی کۆمیسیارانی دەوڵەت لە دادگای دادی کارگێری میسر، بەسەرۆکایەتی محەمەد رەبیعی، راپۆرتێکی بۆ شێخی ئەزھەر بەرز کردوەتەوە، بەو پێیەی  سەرۆکی دەستەی گەورە زانایانی ئەو وڵاتەیە، بۆ ئەوەی لای خۆیەوە لیژنەیەک لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا پێکبھێنێت لە بوارەکانی شەریعەتی ئیسلامی و زمانی عەرەبی و گەردون ناسی و کەشناسی و ھەر بوارێکی تر کە پەیوەندی بە داواکەوە ھەبێت.

ئەو لیژنەیەش ئەرکەکەی یەکلاییکردنەوەی ئەو ململانێ و مشتمومڕە دەبێت کە سەبارەت بە کاتی دروستی نوێژی بەیانی لە ئارادایە لەو وڵاتە، بەجۆرێک ئەو لیژنەیە دەبێت میکانیزمی کاتی دەستپێکردن"دخول"ی نوێژی بەیانی: "ئیتر بە پیشخستن یان دواخستنی کاتەکەی بێت"و ئەو لایەنەی پێی ھەڵدەسێت روون بکاتەوە، لەگەڵ رەچاوکردنی ئەو ھۆکار و گۆڕانکاریانەی کە کاریگەرییان لەم روەوە دەبێت وەک گەردوون و جوگرافیا، و ئاستی دووری خۆر لە وەرزەکانی ساڵدا، ئەمە جگە لە ھۆکارەکانی تر".

ئەو داوایە لە لایەن حسێن ئەحمەد مستەفا کە  وتاربێژ و پێش نوێژی یەکێک لە مزگەوتەکانی میسرەوە بەرزکراوەتەوە و داوا دەکات پێداچوونەوە بەکاتی دروستی نوێژی بەیانیدا بکرێت، دادگای ئەو وڵاتەش داواکەی بۆ هه‌شتی مانگی داھاتوو دواخست.




AM:10:12:19/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 11132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت