له‌ عه‌فرین شه‌ڕ له‌نێوان سوپای‌ توركیا و چه‌كداره‌كانی‌ لایه‌نگری‌ ده‌ستی‌ پێكرد


وێستگه‌ نیوز –
له‌ شاری‌ عه‌فرینی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان شه‌ڕ له‌نێوان سوپای‌ توركیا و چه‌كداره‌كانی‌ لایه‌نگری‌ ده‌ستی‌ پێكرد و به‌هۆیه‌شه‌وه‌ هاتووچۆكردن قه‌ده‌غه‌ كرا.

ئاژانسی‌ فوڕات نیوز بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "ده‌وڵه‌تی توركیا بۆ ته‌سفیه‌كردنی چه‌ند گروپێكی چه‌ته‌ی خۆی له‌ عه‌فرین ده‌ستی كردووه‌ به‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی و له‌نێوان سوپای توركیا و چه‌ته‌كاندا شه‌ڕ روویداوه‌".

ئاژانسه‌كه‌ ده‌ڵێت: "سوپای توركیا ده‌ستی كردووه‌ به‌ ته‌سفیه‌كردنی چه‌ند گروپێكی چه‌ته‌ له‌ عه‌فرین كه‌ گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا نابن".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "به‌پێی‌ زانیارییه‌كان سوپای توركیا ده‌ستی به‌ ئۆپه‌راسیۆن له‌دژی چه‌ته‌كانی ئه‌حراری شه‌رقیه‌ و حوراس ئه‌دین كردووه‌".

فوڕات نیوز له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌ هه‌رێمییه‌كانه‌وه‌ رایگه‌یاند  كه‌ "گروپه‌ چه‌ته‌كان كه‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركیاوه‌ ئه‌ركیان پێ سپێردراوه‌ له‌ دوێنێوه‌ رێگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ناوعه‌فرینیان گرتووه‌ و به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ ئۆپه‌راسیۆن ده‌ستی پێكرد".

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "به‌پێی زانیارییه‌كان، له‌گه‌ڕه‌كی ئه‌شره‌فیه‌ له‌نێوان عه‌فرینی كۆن و نوێ شه‌ڕ روویداوه‌ و له‌شه‌ڕه‌كه‌دا چه‌كی دۆشكه‌، تانك و چه‌كی سوك به‌كارهاتووه‌ و له‌ كاتژمێره‌كانی به‌ره‌به‌یانییه‌وه‌ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی سیخوڕی به‌سه‌ر ئاسمانی ناوچه‌كه‌دا ده‌سووڕێنه‌وه‌ و تیمی تایبه‌تی سوپای توركیا له‌سه‌ربانی ماڵان جێگیركراون و ده‌وڵه‌تی توركیا له‌ناو شاری عه‌فرین قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆی راگه‌یاندووه‌".

سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵ‌ سوپای توركیا ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازیی به‌ناوی "چڵه‌ زه‌یتوون" بۆ سه‌ر شاری عه‌فرین له‌ رۆژئاوای كوردستان ده‌ستپێكرد، دواتر ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ هه‌ر زوو له‌لایه‌ن هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ عه‌فرین به‌رپه‌رچی درایه‌وه‌. له‌ هێرشه‌كه‌دا به‌ سه‌دان گوند تاڵانكران و چه‌ندین كه‌سیش به‌هۆی ئه‌و هێرشه‌وه‌ كوژران و ماڵه‌كانیان تاڵانكران و دواجار له‌ 18ی‌ ئازاردا سوپای‌ توركیا و چه‌كداره‌كانی‌ توانییان عه‌فرین داگیر بكه‌ن.

 


PM:10:51:18/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 5480 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو