وردەکاری داواکاریەکانی یەکێتی و گۆڕان لە پارتی


وێستگە نیوز-

دوێنێ شاندی پارتی سەردانی یەکێتی و گۆڕانی کرد و لە دوو کۆبونەوەی جیاوازدا تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتیان کرد و سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن داواکاریەکانی یەکێتی و گۆڕان تا رادەیەک دژ بە یەکن و وێستگە نیوز هەڵویستی پارتی لەبارەی ئەو داواکاریانەوە دەخاتەروو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبونەوەکەی دوێنێی شاندەکەی پارتی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان بە وێستگە نیوزی ڕاگەیاند "یەکێتی و گۆڕان دوو داواکاری دژبەیەکیان هەبوو کە پارتی ناتوانێت هەردوو داواکاریەکە جێبەجێبکات بەیەکەوە".

ئەو سەرچاوەیە کە لەبەر هەستیاری دانوستانەکان نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت ئاماژەی بەوەکرد "بزوتنەوەی گۆڕان داوای پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت دەکات، ئەوە لە کاتێکدایە یەکێتیش هەمان داوای هەیە".

سەرچاوەکە وردەکاری زیاتری درکاند و وتی "بزوتنەوەی گۆڕان قاییلە بەوەی دوو جێگر بۆ سەرۆکی حکومەت دابنرێت و یەکێکیان یەکێتی دایبنێت و ئەویتریان گۆڕان".

لەبارەی هەڵوێستی یەکێتی بۆ ئەو پێشنیارە، سەرچاوە ئاگادارەکە وتی "یەکێتی ئەوەی ڕەتکردوەتەوە، چوونکە ئەوان پێیان وایە ئەگەر دوو جێگیر بۆ سەرۆکی حکومەت دابنرێت کاریگەری دەبێت لەسەر لاوازبوونی پێگەی یەکێتی لە حکومەتدا".

بەگوێرەی زانیاریەکانی سەرچاوەکە، پارتی دیموکراتی کوردستان تا رادەیەک ڕازییە بەوەی دوو جێگر بۆ سەرۆکی حکومەت دابنرێت و وتی "پارتی پێی باشە بەزوترین کات حکومەت پێکبهێنرێت و ئەو پرسانە زوو یەکلاییبکرێنەوە بە هەر شێوەیەک بێت".

وێستگە نیوز زانیویەتی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان هەوڵدەدات پێشنیاری دانانی دوو جێگر بۆ سەرۆکی حکومەت جێبەجێ نەکرێت چوونکە ئەوە دەبێتە هۆکاری پاشەکشێی ئەو حزبە و لە بەرامبەردا بزوتنەوەی گۆڕان بە ڕێژەیەکی کەمتر لە کورسی هەمان پۆست وەردەگرێت.

زانیاریەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر ئەو پێشنیارە جێبەجێبکرێت و دوو جێگر بۆ سەرۆکی حکومەت دابنرێت ئەوا بزوتنەوەی گۆڕان هیچ پۆستێکی تری گرنگی نادرێتێ بەڵام یەکێتی نیشتیمانیی لەگەڵ پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەتدا پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یان چەند وەزارەتێکی سیادی وەردەگرێت.

ب.ع


AM:10:05:18/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 18496 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو