سوپای توركیا و چه‌كداره‌ هاوپه‌یمانه‌كانی ئاماده‌كاری‌ بۆ هێرشكردنه‌سه‌ر په‌یه‌ده‌ ده‌كه‌ن


وێستگه‌ نیوز –
ئاژانسێكی‌ حكومی‌ توركیا رایگه‌یاند كه‌ سوپای‌ وڵاته‌كه‌ی‌ و گروپه‌ چه‌كداره‌ هاوپه‌یمانه‌كانی‌ له‌ سوریا ئاماده‌كاری‌ بۆ هێرشكردنه‌سه‌ر پارتی‌ یه‌كێتی‌ دیموكرات "په‌یه‌ده‌" له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ فوڕات ده‌كه‌ن.

ئاژانسی‌ ئه‌نادۆڵی‌ حكومی‌ توركیا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "لیوای هه‌مزه‌ی سه‌ر به‌ سوپای سوریای ئازاد له‌ ئاماده‌كاریدایه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ ئه‌گه‌ری ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی توركیا له‌ رۆژهه‌ڵاتی رووباری فوڕات".

ئاژانسه‌كه‌ له‌ زاری‌ سه‌یف ئه‌بوبه‌كر یه‌كێكه‌ له‌و فه‌رماندانه‌ی مه‌شق و راهێنان له‌ سه‌ر تاكتیكه‌كانی جه‌نگ و ته‌قه‌كردن به‌ ئه‌ندامانی لیوای‌ هه‌مزه‌ له‌ قه‌زای عه‌زاز ده‌كات، بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "به‌جۆرێ‌ك له‌ جۆره‌كان ئێستا ئاماده‌كاری ده‌كرێت بۆ ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆن بۆ سه‌ر رێكخراوی په‌كه‌كه‌ و په‌یه‌ده‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی فوڕات. ئێمه‌ش مه‌شق و راهێنان به‌ سه‌ربازانمان ده‌كه‌ین".

سه‌یف ئه‌بوبه‌كر وتیشی: "به‌هه‌موو توانایه‌كمان خۆمان ئاماده‌ ده‌كه‌ین بۆ رۆژهه‌ڵاتی فوڕات. وه‌ك سوپای سوریای ئازاد ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ هاووڵاتیانمان له‌ رۆژهه‌ڵاتی فوڕات له‌ سته‌مكاری تیرۆر رزگار بكه‌ین".

ئاژانسه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ "لیوای هه‌مزه‌ كه‌ له‌ ساڵی 2015 له‌ دژی رێكخراوی تیرۆریستی داعش دامه‌زراوه‌ و ئه‌ندامه‌كانی توركمانی سووریان و له‌ نزیكه‌ی 6 هه‌زار و 500 چه‌كدار پێك دێت له‌ ژێر چه‌تری سوپای سوریای ئازاددا له‌ هه‌ردوو ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ڵغانی فوڕات و لقی زه‌یتون بۆسه‌ر عه‌فرینی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان پشتیوانی سوپای توركیایان كرد"‌.

ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌، توركیا به‌رده‌وام جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ سه‌ربازی‌ له‌ دژی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات "هه‌سه‌ده‌" له‌ رۆژهه‌ڵاتی فوڕات ئه‌نجام ده‌دات.


PM:10:19:17/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 1300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو