یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی كۆبوه‌وه‌

‌نێچیرڤان بارزانی و ئه‌ندرۆ بیێك

وێستگه‌ نیوزـ

یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌ت دۆخی هه‌رێم و عیراقیان تاوتوێكرد و پێشوازیشیان له‌ بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌تی عیراق كرد بۆ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركوك به‌ بۆرییه‌ نه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا بۆ توركیا.

به‌پێی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی حكومه‌تی هه‌رێم، ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی 16ی تشرینی دووه‌می 2018، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌ندرۆ بیێك، جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوه‌ری كرد.
سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌فدی ئه‌مریكا باشتربوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا و پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ روی سیاسی و ئابووری و به‌ڕێوه‌چوونی سه‌ركه‌وتووانه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان له‌ عیراق و هه‌رێمی‌ كوردستانیان تاوتوێ كرد.

به‌گوێره‌ی هه‌واڵه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی و یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا جه‌ختیان كردوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشچوونی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا‌ و به‌شداریكردنی كارای هه‌رێمی كوردستان له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عیراقدا، ئه‌مه‌ جگه‌له‌ به‌رده‌وامبوونی سه‌ركه‌وتوانه‌ی‌ پرۆسه‌كه‌ و به‌رده‌وامیی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا پێشوازییان له‌ بڕیاری حكومه‌تی عیراقی فیدرال كرد به‌ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركوك به‌ ڕێگه‌ی بۆریی هه‌رێمی كوردستان كه‌ سوودێكی باشی بۆ ته‌واوی عیراق ده‌بێت.


PM:11:10:16/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 1184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو