بارزانی: هۆکاری سەرەکی پێشكەوتنی هەرێمی کوردستان پێکەوەژیان و لێبوردەییه‌

‌مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كورستان

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كورستان له‌ په‌یامێكدا رایگه‌یاند هۆکاری سەرەکی پێشكەوتنی هەرێمی کوردستان پێکەوەژیان و لێبوردەییه‌.

لە په‌یامه‌كه‌یدا كه‌ به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانیی لێبوردەیی بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كورستان رایگه‌یاندوه‌: "ھەموو ئایین و بەها بەرزە ئینسانییەکان جەخت لەسەر پتەوکردن و قووڵکردنەوەی زیاتری تەبایی و پێکەوەژیان و لێبوردەیی دەکەنەوە، بۆیە دەبێ دامەزراوە پەروەردەیی و فەرهەنگییەکانیشمان گرنگی زیاتر بەو بوارە بدەن و، ھاندانی ئەم فەرهەنگە بەرفرەتر بکەن."

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی لە رۆژی جیهانیی لێبووردەییدا:

لێبوردەیی، یەكتر قبوڵكردن و پەسندكردنی جیاوازییەكان، لە پێوەرەکانی ناسینەوەی گەل‌ و وڵاتانی پێشكەوتوون، له چوارچێوەی پرەنسیبه سەرەکییەکانی گیانی دیموکراسیشە، هۆکاری سەرەکی سەرکەوتن و پێشكەوتنی هەرێمی کوردستانیش، بۆ گیانی پێکەوەژیان و لێبوردەیی لەم هەرێمەدا دەگەڕێتەوە، کە سیمایەکی جوان و شارستانی بە کوردستان بەخشیوە و له ناوچەکەدا کەم وێنەیە.

لێبوردەیی و ئاشتی و پێكەوەژیان فەرهەنگی ھەزاران ساڵەی گەلی كوردستانە، هەوڵی زۆر دراوە بۆ لەناوبردنی ئەم بەها بەرزە، بەڵام لە هیچ بارو دۆخێکدا گۆڕانکاری بەسەردا نایەت و، هەرێمی کوردستان هەمیشە بە ناوەندی پێکەوەژیانی گشت نەتەوەو ئایین و ئایینزاکان دەمێنێتەوە.

ھەموو ئایین و بەها بەرزە ئینسانییەکان جەخت لەسەر پتەوکردن و قووڵکردنەوەی زیاتری تەبایی و پێکەوەژیان و لێبوردەیی دەکەنەوە، بۆیە دەبێ دامەزراوە پەروەردەیی و فەرهەنگییەکانیشمان گرنگی زیاتر بەو بوارە بدەن و، ھاندانی ئەم فەرهەنگە بەرفرەتر بکەن.

مسعود بارزانی


PM:08:37:16/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 3128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو