بارزانی‌: ئومێد دەكەم لەمەودوا ڕۆژئاوای كوردستان كرانەوەی سیاسیی بەخۆیەوە ببینێت


وێستگه‌ نیوز –
سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌بۆنه‌ی‌ ئازادكردنی‌ ئه‌ندامێكی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی سوریاوه‌ په‌یامێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ ئومێد دەكەم لەمەودوا ڕۆژئاوای كوردستان كرانەوەی سیاسیی بەخۆیەوە ببینێت.

ئه‌مڕۆ مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ په‌یامێكدا رایگه‌یاند "بە ئازادبوونی عەبدولڕەحمان ئاپۆ ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سوریا لە زیندانەكانی پەیەدە زۆر خۆشحاڵ بووم".

بارزانی‌ ده‌ڵێت: "لە ڕاستیدا جێگەی خەباتكاری وەك ئەو دەبوایە زیندانەكانی دوژمن با نەك زیندانی لایەنێكی كوردی".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "هیوادارم ئەوە ببێتە دەستپێكێك بۆ ئازادكردنی سەرجەم گیراوانی لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان كە لە زیندانەكانی پەیەدە دان و هەروەها دۆزینەوەی هەموو ئەو چالاكوانە كوردانەی كە لەوێ بێسەروشوێن بوونە".

سه‌رۆكی‌ پارتی‌ راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "ئومێد دەكەم لەمەودوا ڕۆژئاوای كوردستان كرانەوەی سیاسیی بەخۆیەوە ببینێت و چیتر خەڵك و لایەنە سیاسییەكان بەهۆی بیروڕای سیاسی ئازار نەدرێن و زیندانی نەكرێن".

به‌ره‌به‌یانی رۆژی شه‌ممه‌ 4ی‌ ئازاری‌ 2017 عه‌بدولڕه‌حمان ئاپۆ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ سوریا "په‌ده‌كه‌سه‌" له‌لایه‌ن ئاسایشی‌ شاری‌ عه‌فرین له‌ رۆژئاوای‌ كوردستان ده‌ستگیر كرا.

پارتی دیموكراتی كوردستانی سوریاش له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی‌: "ده‌سه‌ڵاتی په‌یه‌ده‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام: ئه‌ندام، لایه‌نگران، به‌رپرسان و كادیره‌ پێشكه‌وتووه‌كانمان به‌تۆمه‌تی جیاواز له‌ گوند و دێهاته‌كانی رۆژئاڤای كوردستان ده‌ستگیر ده‌كات، دوایینجار كاژێر 03:00ـی به‌ره‌به‌یانی رۆژی شه‌ممه‌ 2017/3/4 بوو، كه‌ هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر ماڵی عه‌بدولڕه‌حمان ئاپۆ، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌ركردایه‌تی په‌ده‌كه‌سه‌ و به‌ره‌و شوێنێكی نادیار راپێچیان كرد".

دوای‌ زیاتر له‌ ساڵێك زیندانی‌، رۆژی‌ چوارشه‌ممه‌ش 14ی تشرینی دووه‌می 2018 عه‌بدولڕه‌حمان ئاپۆ ئازادكرا.


PM:04:41:15/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 6576 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو