دانپیادانانی ئه‌بو حەمزەی كوردی په‌سه‌ندكرا

‌ژمارەیەک پێشمەرگە لە کاتی دەستگیرکردنیان لە کەرکوک لە لایەن داعشەوە.. فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگه‌ نیوز ـ
دادگای کەرخ له‌ به‌غدا دانپێدانانی سەرکردەیەکی كوردی داعشی پەسند کرد، كه‌ به‌ ئه‌بو حه‌مزه‌ ناسراوه‌ و تۆمەتبارە بە بەدیلگرتنی ژمارەیەک پێشمەرگە و گەڕاندنیان به‌ناو حه‌ویجه‌دا.

رۆژی چوارشه‌ممه‌ 14ی تشرینی دووه‌می 2018،ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عیراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، دادگای کەرخی تایبەت بە سەیریکردنی دۆسیەی تیرۆر، پێداچوونەوەی بە دانپێنانی یەکێک لە دیارترین سەرکردەکانی رێکخراوی داعشدا کردووە، کە والی کەرکوک بووە و ناسناوی ئەبو حەمزەی کوردی-یە.

بەپێی بەیاننامەکە، "ئەبو حەمزەی کوردی بەرپرس بووە لە ئەنجامدانی چەندین کردەوەی تیرۆریستی، ئه‌و کە پێشتر والی باکووری بەغدا بووە، وێنەی هەیە پێش ئەوەی پۆستی والی کەرکوک وەربگرێت".

دادگای کەرخ لە بەیاننامەکەدا جەخت دەکاتەوە لەوەی: "دیارترین کردەوەکانی ئەبو حەمزەی کوردی، تۆمەتباربوونیەتی بە: بەدیلگرتنی 21 ئەفسەر و پێشمەرگە و وێنەگرتنیان بە جلی پرتەقاڵییەوە لەناو قەفەسی ئاسنین و دواتر سوڕاندنەوەیان بە ئۆتۆمبێل بە ناو شاردا".

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق دەشڵێت: "دادگای کەرخ، دانپێدانانی تۆمەتبارەکە و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەپێی ماددەی چوار/1ـی یاسای نەهێشتنی تیرۆر پەسند کردووە".

لە دوای بەدیلگرتنیان چه‌ند جارێك لە لایەن داعشەوە گرتەی ڤیدیۆیی پێشمەرگە دیلەكان بڵاوكرایەوە، لە گرتەیه‌كی ڤیدیۆییدا پێشمه‌رگه‌ دیله‌كان خرابوونە ناو ژمارەیەك قەفەس و بە ئۆتۆمبێل بەناو بازاڕی قەزای حەویجە دەیانسووڕاندنەوە، دواتر گرتەیەكی دیكە بڵاوكرایەوە كە تیایدا مه‌لا شوان كوردی، كه‌ یه‌كێك بوو له‌ سه‌ركرده‌كانی داعش چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ دیله‌كان ده‌كرد و ناو و ناونیشانی لێده‌پرسین، له‌ چه‌ند گرته‌یه‌كی دیكه‌شدا به‌ چه‌ند قۆناغێك ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی دیل شه‌هید ده‌كرێن.

هــ. ر


AM:10:29:15/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 16076 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو