‌ره‌هبه‌ر سه‌ید ئیبراهیم: یه‌كێتی ژنێك بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان كاندید ده‌كات

وێستگه‌ نیوز -
ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ یه‌كێتی ژنێك بۆ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان كاندید ده‌كات و ناوی كاندیده‌كانیشی‌ ئاشكرا كرد.


ره‌هبه‌ر سه‌ید برایم ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی فه‌رمی حزبه‌كه‌ی، رایگه‌یاند كه‌ "یه‌كێتی پێی باشه‌ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یه‌ك جێگری هه‌بێت، كه‌ بێگومان ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ حزبی یه‌كه‌م بێت، ئه‌وا پێویسته‌ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ حزبی دوه‌وه‌م بێت، كه‌ یه‌كێتییه‌".

ره‌هبه‌ر سه‌ید برایم له‌باره‌ی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانیشه‌وه‌ وتی‌: "ئه‌گه‌ر به‌ گفتوگۆی نێوان لایه‌نه‌كان و به‌ ئیستحقاقی خۆی یه‌كێتی ئه‌و پۆسته‌ی به‌ربكه‌وێت، ئه‌وا یه‌كێتی ژنێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ دیاریی ده‌كات".

وتیشی: "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تائێستا ئه‌و پرسه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی باسی لێوه‌نه‌كراوه‌، به‌ڵام پێده‌چێت بێگه‌رد دڵشاد تاڵه‌بانی و د. رێواز فایه‌ق  كه‌ هه‌ردووكیان ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تین، بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندید بن".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "من وه‌ك خۆم هه‌ردووكیان به‌ شایسته‌ی ئه‌و پۆسته‌ ده‌زانم، چونكه‌ بێگه‌رد تاڵه‌بانی پێشینه‌یه‌كی باشی هه‌یه‌ له‌ راییكردنی كاره‌كانی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و ده‌توانێت ئه‌و پۆسته‌ به‌ڕێوه‌ببات، له‌به‌رامبه‌ریشدا د. رێواز فایه‌ق دكتۆرای له‌یاسادا هه‌یه‌ و شاره‌زاییه‌كی باشی له‌ یاساكاندا هه‌یه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر كامیان له‌و دوو ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تییه‌ ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرن، یه‌كێتی ده‌بێته‌ یه‌كه‌م حزب له‌كوردستان كه‌ ژنێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندید ده‌كات".

ره‌هبه‌ر سه‌ید برایم راشیگه‌یاند كه‌ "یه‌كێتی له‌پرسه‌ نیشتمانییه‌كاندا هاوكاری سه‌رجه‌م حزبه‌كانی كردوه‌ به‌ تایبه‌ت پارتی، چونكه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێتی رازی نه‌بوایه‌ پێده‌چوو هه‌ڵبژاردن نه‌كرایه‌، هه‌روه‌ها یه‌كێتی له‌پێناو ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تیی، ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی قبوڵكرد، بۆیه‌ یه‌كێتی قوربانی زۆری داوه‌و ده‌نگدانی په‌رله‌مانی كوردستانیش ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه‌ خه‌ڵك فه‌رمانڕه‌وایی یه‌كێتی پێ قبوڵه‌ و هیوادارین یه‌كێتی له‌ رێی نوێنه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ له‌حكومه‌تی داهاتووی هه‌رێم خزمه‌تی زیاتری خه‌ڵك بكات".


PM:06:50:10/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 21492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌




زۆرترین خوێندراو