عیراقییه‌كان ده‌ستبه‌رداری‌ كڕینی‌ ماسی‌ ده‌بن


وێستگه‌ نیوز ـ
رووداوی‌ مرداربوونه‌وه‌ی‌ بڕێكی‌ زۆر ماسی‌ له‌ زۆربه‌ی‌ پارێزگاكانی‌ عیراق كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر نرخی‌ دروستكرد و به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو نرخی‌ دابه‌زاند، ئه‌مه‌ش به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ هاوڵاتییان له‌ ترسی‌ تووشبوونیان به‌ نه‌خۆشی‌، ده‌ستبه‌رداری‌ كڕینی‌ بوون.

به‌گوێره‌ی‌ "سۆمه‌ریه‌ نیوز" نرخی‌ كیلۆیه‌ك ماسی‌ له‌ناو عه‌لوه‌ی‌ ره‌شید گۆڕه‌پانی‌ فرۆشتنی‌ ماسی‌ له‌ به‌غدای‌ پایته‌خت بوو به‌ 500 دینار كه‌ كه‌متر له‌ نیو دۆلار ده‌كات، له‌كاتێكدا پێشتر نرخی‌ كیلۆیه‌كی‌ نزیكه‌ی‌ 4 هه‌زار دینار بوو.

 به‌هۆی‌ مه‌ترسی‌ هاوڵاتییان له‌ گواستنه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشی‌، خواست له‌سه‌ر كڕینی‌ ماسی‌ زۆر كه‌م بووه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ كاروباری‌ بازرگانی‌ له‌و عه‌لوه‌یه‌ی‌ ماسی‌ بۆ به‌غدا دابین ده‌كرد، نیمچه‌ وه‌ستاوه‌.

بازرگانان و فرۆشیاران باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌هۆی‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌وه‌ سه‌دان ملیۆن دینار زیانیان به‌ركه‌وتووه‌ و پێیانوایه‌ كه‌ رووداوی‌ مرداربوونه‌وه‌ی‌ ماسییه‌كان "ده‌ستێكی‌ له‌ پشته‌ و دروستكراوه‌".

له‌ ماوه‌ی‌ رابردوودا بڕێكی‌ زۆر ماسی‌ له‌ ئاوه‌كانی‌ چه‌ندین پارێزگای‌ عیراق مرداربوونه‌وه‌ و كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ عیراق لیژنه‌ی بۆ دروست بكات.

پێشتر حەمید نایف، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی عیراق رایگەیاند "به‌هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی گەنینی گوێچكە ماسی لە پارێزگای بابل هەزاران ماسی مرداربوونه‌وه‌".

وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی عیراق وتی‌: "ئەو نەخۆشییە لە دەریاچەكانی بابل لە قەزای موسەیەب بڵاوبوەتەوە و دەستبەجێ فەرمانبەرانی ڤێرتێنەری وەزارەت و ساڵح حەسەنی، وەزیری كشتوكاڵ سەردانی ناوچەیەكان كرد و بەدواداچونیان بۆ ئەو كێشەیە كرد".

وتیشی‌: "دەریشكەوت كە نەخۆشی گەنینی گوێچكە ماسی نه‌خۆشییه‌كی بەكتریاییە کە لە هەشتاكانی سەدەی رابردوەوە هەیە و بە تێپەڕینی كات ئەو بەكتریایە دەبێتە كەڕوو و دواتر دەبێتە هۆی مردنی ماسییەكان".


PM:04:08:07/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 20380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو