دیموكراته‌كان هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكایان برده‌وه‌

‌دیمەنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا

وێستگه‌ نیوز ـ
بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکان، حزبی دیموکراتەکان زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەدەستهێناوە و کۆمارییەکانیش زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی سینات لە کۆنگرێسی ئەمریکا.


میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکان تا ئێستا حزبی دیموکراتەکان لە کۆی 435 کورسی ئەنجومەنی نوێنەران 189 کورسی بەدەستهێناوە، لە بەرامبەردا کۆمارییەکان 176 کورسییان بەدەستهێناوە.

هاوکات هەر بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکان، حزبی کۆمارییەکانی کۆنترۆڵی ئەنجومەنی سیناتیان گرتووەتەوە دەست و بە جۆرێک لە کۆی 100 کورسی 51 کورسییان بەدەستهێناوە، لە بەرامبەردا دیموکراتەکان 43 کورسییان بەدەستهێناوە.

تا ئێستا 60 ژن سەرکەوتنیان بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا بەدەستهێناوە کە دوانیان موسوڵمانن.

حزبی دیموکراتەکان بە بردنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە کۆنگرێس دەتوانن کۆسپ بخەنە بەردەم پلانە یاساییەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا.

هەڵبژاردنی کۆنگرێسی ئەمریکا دوو ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت، هەربۆیە بە هەڵبژاردنی نیوەش ناودەبرێت، هەڵبژاردنەکە یەکێک لە حزبی کۆماری و دیموکراتەکان دیاریدەکات کە بۆ دوو ساڵی داهاتوو کۆنگرێس کۆنتڕۆڵ دەکەن.

کۆنگرێسی ئەمریکا لە ئەنجومەنی سینات و نوێنەران پێکدێت، 100 کورسی بۆ ئەنجومەنی سیناتە و 435 کورسیش بۆ ئەنجومەنی نوێنەران کە کۆی گشتییان دەکاتە 435 کورسی.

دەنگدانەکە بۆ هەڵبژاردنی تەواوی ئەندامانی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ ئەمریکا بوو کە ژمارەیان 435 ئەندامە، لەگەڵ سێیەکی ئەندامانی ئەنجومەنی پیران واتە 35 ئەندام لە کۆی 100 ئەندام.

هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە لەماوەی رابردوودا بەهۆی لێدوانە جیاکارییەکانییەوە رەخنەی لێگیراوە، لە کۆتا وتاری بانگەشەدا بۆ پارتی کۆمارییەکان وتی: "هەموو ئەوەی بەدەستمانهێناوە ئەمڕۆ لە مەترسیدا دەبێت".

باسی لەوەشکرد، دیموکراتەکان رێگە بە کۆچبەری نایاسایی زیاتر دەدەن، "سۆشیاڵیزمی دیموکراتەکان ئابوری ئەمریکا تێکدەشکێنێت، ئەگەر ئەنجامی گەورە بەدەستبهێنن".

پێشتریش لە بەرامبەردا باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە پشکی دیموکراتەکان رایگەیاند، هەڵبژاردنەکەی ئەمریکا ئەگەری هەیە گرنگترین هەڵبژاردن بێت لە ژیانی ئەمریکییەکاندا، تەندروستی ملیۆنان هاوڵاتی لەسەر سندوقەکانی دەنگدانە "کەسایەتی وڵاتەکەمان لەسەر سندوقەکانی دەنگدانە".

هەندێک لە چاودێران لەوە زیاتر دەڕۆن و هەڵبژاردنەکە بە ڕاپرسییەک بۆ سەرەتای‌ مانەوە یان نەمانی ترەمپ لە دەسەڵات ناودەبەن.

لە هەڵبژاردنی پێشوودا کە ساڵی 2016 بەڕێوەچوو، کۆمارییەکان بوونە خاوەنی‌ زۆرینەی‌ کورسییەکانی‌ ئەنجومەنی‌ پیران و ئەنجومەنی‌ نوێنەرانن.

هــ. ر


AM:08:15:07/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 2096 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو