‌گۆڕان لەبارەی گۆڕانکاریە ناوخۆییەکانەوە بڕیار دەدات

وێستگە نیوز-

بڕیارە ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی گۆڕان کۆببێتەوە و پرسی گۆڕانکاریە ناوخۆییەکانی حزبەکە و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق تاوتوێ بکات.


كاروان هاشم، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بە وێستگه‌ نیوزی راگەیاند: بڕیارە ئەمڕۆ كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی ئه‌نجام بدرێت، تەوەری سەرەكیش خۆڕێكخستنەوەی ناوماڵی گۆڕانە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد "بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بۆ پرسی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عیراقه‌"

وتیشی‌: "كێشه‌ هه‌یه‌ له‌ناو گۆڕان پێش هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانیش جڤاتی‌ نیشتمانی‌ بڕیارمانداوه‌ كۆنفرانسی‌ ناوخۆیی‌ و هه‌ڵبژاردن و كۆنگره‌ بكه‌ین له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئەمڕۆدا له‌سه‌ر میكانزمی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كانمان رێكده‌كه‌وین".

جه‌ختیشی‌ كرده‌وه‌ "ئه‌گه‌ر له‌ حزبێك كێشه‌ی هه‌بێت ئه‌وه‌ی‌ په‌نای‌ بۆ ده‌برێت هه‌ڵبژاردنه‌، ئێمه‌ش بڕیارمانداوه‌ گۆڕانكاری‌ بكه‌ین له‌ رێگه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ له‌ بازنه‌ و رایه‌ڵه‌وه‌ تا رێكخه‌ری‌ گشتی‌".

كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان یەكەم كۆبوونەوەیانە دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان كە گۆڕان لە هێزی دووەمەوە بووە هێزی سێیەم.


AM:08:26:20/10/2018


ئه‌م بابه‌ته 1556 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌